قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی نوێی ئوردن کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ زیاد بەتارسە، کونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی ئوردن کۆبووەوە و تاووتوێی چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئوردنیان کرد لە بوارە جیاوازەکاندا.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی تشرینی دووەمی بەڕێوەچوو، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا کە هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو و هیوای خواست حکومەتی نوێی عێراق بە زوویی پێکبهێنرێت. جەختیشی کردەوە دەبێت ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کوردستان و وڵاتی ئوردن کرا و هەردوولا بە گرنگیان زانی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاوازەکانی وەک بازرگانی و کولتووری و پەروەردەیی و خوێندنی باڵا پەرەی زیاتریان پێ بدرێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە بە دامەزراندنی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان کرا، کە ئەو کۆمیسیۆنە دەتوانێت وەک پردێکی پەیوەندیی بەهێز لەنێوان هەرێم و ئوردندا ڕۆڵ ببینێت.