قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی نوێی کۆریای باشوور کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە لى جۆن ئيل، باڵيۆزى نوێى كۆرياى باشوور و گفتوگۆیان کرد لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کۆریای باشوور و هەرێمی کوردستان.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەممە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی سێنچول لیم، کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێم بەڕێوەچوو، هەڵسەنگاندن کرا بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
جێگری سەرۆکوەزیران هیوای خواست حکومەتی نوێی عێراق بەزوویی پێکبهێنرێت و تێیدا مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراوبێت.
قوباد تاڵەبانی هاوکارییەکانی حکومەتی کۆریای باشووری بۆ هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و ڕایگەیاند: کۆریای باشوور دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بگێڕێت بە تایبەتیش کە هەرێم پێویستی بە ئەزموونی دەوڵەمەندی کۆریا هەیە لە بواری گەشەپێدانی کەرتە جیاوازەکان.
لە تەوەرێکی دیکەدا باس لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەک کرا لە ماوەکانی داهاتوودا کە تێیدا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی بەشداریی ستراتیژیی کۆریای باشوور لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستاندا.