Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی کرد لە محەمەد ئەلحەسان، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان له‌ عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا تاووتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەردوولا هیوایان خواست ڕۆژی سێشەممە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دۆخێکی ئارام و بەشێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوەبچێت و هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشداری بکەن و چارەنووسی چوار ساڵی داهاتووی پرۆسەی سیاسیی عێراق دیاری بکەن.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە کرد بۆ پەیوەندییەکانی چوار ساڵی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن. لەم چوارچێوەیەدا بە پێویستی زانی ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێم چارەسەرکردنی کێشەکان و بە تایبەتیش کێشەی بودجە و مووچە بێت.