قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمهریکا کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە جۆشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمهریکا لە عێراق و پێکەوە تاوتوێی دۆخی سیاسیی عێراق و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە (25/11/2025) بە ئامادەبوونی گویندەلن گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمهریکا لە هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە پرۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا عێراق پێویستی بە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارایە، کە بتوانێت سەروەری و سەربەخۆیيی عێراق بپارێزێت و هاوکات بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات.
هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران ڕوونیشی کردەوە عێراقێکی بەهێز هەڕەشە نییە بۆ سەر هەرێم، بەڵکوو بە پێچەوانەوە کورد دەبێت بەشێک بێت لە عێراقێکی بەهێز بۆ ئەوەی پێگەی هەرێمیش بەهێزبێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی پرۆسەی گەشەپێدانی عێراق و هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کرد کە ئەرکی حکومەتی داهاتووی عێراقە زەمینەی گونجاو بۆ پرۆسەی گەشەپێدان بڕەخسێنێت و ئاسانکاريی تەواو بکات بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و بە تایبەتیش وەبەرهێنەرانی ئەمهریکی بۆ ئەوەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا وەبەرهێنان بکەن و یارمەتیدەربن لە گەشەپێدانی ئابووريی عێراق و کوردستان.