قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق كرد و تاووتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە (21/10/2025) بە ئامادەبوونی ئەرمان تۆپجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی حکومەتی تورکیای کرد بە کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی و ڕایگەیاند: ئەم هەنگاوە پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا بەهێزتر دەکات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی هیوای خواست پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت و ئاستی بەشداريی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنەکەدا بە ڕێژەیەکی بەرز و بەرچاو بێت.
گوتیشی: ئەم هەڵبژاردنە بە تایبەت بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان گرنگە و ئەنجامەکەی کاریگەری لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بەغدا دهبێت.