قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزەکانی بەریتانیا و فەرەنسا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا و پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکاندا تاووتوێی دۆخی ناوچەکە و پرسی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرا.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەمە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لە هەولێر بەڕێوە چوون، ئاڵۆگۆڕی بیروڕا کرا لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە. بە گرنگییەوە باس لە کۆتاییهاتنی جەنگی غەززە کرا و هیواخوازرا کە کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە سەرەتایەکی باش بێت بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیرییەکی گشتگیر لە ناوچەکەدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ کرا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا. جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە ڕێککەوتن لەسەر پرسی نەوت و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، ڕوونیکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن کە ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان هەردوولادا دروست بووە وەک دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەییی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بە تایبەتیش مسۆگەرکردنی مووچە و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی هەردوو کۆبووەنەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا. قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند؛ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە دۆخێکی ئارام و بە دوور لە بارگرژی، زۆر گرنگە بۆ سەقامگیریی عێراق و پێکهێنانی حکومەتێکی کارا کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت. هیواشی خواست خەڵکی کوردستان و عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و بڕیار لە چارەنووسی چوار ساڵی داهاتووی خۆیان و وڵاتەکەیان بدەن.