قوباد تاڵەبانی سەردانی پرۆژە گەشتیارییەکانی سەرچنار و بەنداوەکانی چەقچەق و سەرچنارى کرد

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ڕۆژی یەکشەممە (7/9/2025)، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کاروباری پرۆژە گەشتیارییەکانی سەرچنار و بەنداوەکانی چەقچەق و سەرچنار، سەردانی پرۆژەکانی کرد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەبەرهێنەران و کۆمپانیا جێبەجێکارەکان کۆبووەوە.
جێگری سەرۆکوەزیران دوای بەسەرکردنەوەی پرۆژەی بەنداوی چەقچەق، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکان و کۆمپانیای جێبەجێکار کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بەنداوەکانی چەقچەق و سەرچنار كرا.
سەبارەت بە بەنداوی چەقچەق کە ماوەیەکە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، قوباد تاڵەبانی داوای لە کۆمپانیای جێبەجێکار کرد خێراتر کاروبارەکان ڕاپەڕێنێت، بۆ ئەوەی لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت. لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد پەلە بکەن لە تەواوکردنی کاروبارەکانی بەنداوی سەرچنار، کە ئێستا لە قۆناغی دیزايینکردندایە، بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
بەنداوی چەقچەق توانای گلدانەوەی نۆ ملیۆن مەتر سێجا و بەنداوی سەرچناریش توانای گلدانەوەی دوو ملیۆن متر سێجا ئاویان هەیە و لە چوارچێوەى پرۆژە گەشتیارییەکانی سەرچناردا جێبەجێ دەکرێن. بە تەواوبوونیان جگە لەوەی سیمایەکی گەشتیاريی جوان بە دەڤەرەکە دەبهخشن، کاریگەريی گەورەشیان لەسەر ژینگەی سنوورەکە و ئاوی ژێرزەوی دەبێت.
قوباد تاڵەبانی دواتر لە کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ وەبەرهێنەران و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی بەدواداچوونى بۆ کاروباری هەر پێنج زۆنە گەشتیارییەکەی سەرچنار كرد. دوای لێکۆڵینەوە لە گرفت و کێشەکانی بەردەم وەبەرهێنەرەکان، ڕایگەیاند: جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە گەشتیارییانە لە ئهولهويهتى کارەکانی حکومەت و جێگرى سهرۆكوهزيراندايه، چونکە کاریگەريی بەرچاوی دەبێت لەسەر گەشەپێدانی ئابووری و بەهێزکردنی ژێرخانی گەشتیاريی کوردستان و سلێمانی و ژمارەیەکی بەرچاو هەلیکار بۆ دانیشتووانی سلێمانی دەڕەخسێنێت.
قوباد تاڵەبانی بەڕێوەبەرایتییە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هەرچی زووتر کاروباری ئیداری و یاسایيی پرۆژەکان تەواو بکرێن و هاوکات تیمێکی تایبەتی لە نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران پێکهێنا بۆ هەماهەنگی و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ کاروباری پرۆژەکان تا هەرچی زووتر بکەونە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و لە وادەی دیاریکراوی خۆیاندا تەواو بکرێن.