Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ محەمەد ئەلحەسان، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان له‌ عێراق کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی دواین پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق گفتوگۆیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە(1/9/2025) بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران باسی لە پێویستیی سەروەری یاسا و رێزگرتن لە دامەزراوەکان کرد و رایگەیاند ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە سلێمانی روویدا لە درێژەی هەوڵەکانی چەسپاندنی سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و پاراستنی ئارامی و ئاسایشدا بووە.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند وەکچۆن سلێمانی هەمیشە بە شاری ئازادی کاری سیاسی و ئازادی رادەربڕین لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا ناسراوە، لە ئێستا و لە داهاتووشدا هەر وەک شاری ئازادییەکان دەمێنێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا رێگە بە دروستبوون و جموجوڵی میلیشیا و هێزی چەکدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت.

سەبارەت بە دەستگیرکراوانی رووداوەکانی ئەم دوایە، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و وەک هەر تۆمەتبارێکی دیکە مافە یاساییەکانیان پارێزراو دەبێت.