قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی باڵای ئیمارات کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە وەفدێکی باڵای ئیمارات بە سەرۆکایەتیی سەعید الهاجری، نێردەی تایبەتی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری ئابووری کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەردوولا و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەممە (10/9/2025) لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەکی تایبەتەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیمارات و خوازیارە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئیمارات بەشدارییەکی گەورەیان هەبێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستان.
وەفدە ئیماراتییەکە کە بە مەبەستی دۆزینەوە و هەڵسەنگاندنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان سەردانی کوردستانیان کردووە، ڕایانگەیاند ئامانجیانە پرۆژەی گەورە و درێژخایەنی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکوەزیران ڕوونی کردەوە کە لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوکاڵ و گەشتوگوزار و وزەی نوێبووەوەدا دەرفەتی گەورە هەیە بۆ وەبەرهێنەرانی ئیماراتی و ئاماژەی بەوەش کرد؛ کوردستان دەتوانێت ببێتە سەبەتەی خۆراکی هەموو عێراق و تەنانەت بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ڕەوانەی بازاڕەکانی دەرەوەش بکات.
هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی داوای کرد وەفدەکە هانی وەبەرهێنەرەکانی وڵاتەکەیان بدەن لەم بوارانەدا وەبەرهێنان لە کوردستاندا بکەن، چونکە جگە لەوەی حکومەتی هەرێم هەموو جۆرە کاراسانییەکیان بۆ دەکات، هەرێمی کوردستان خاوەنی هێزی کاری شارەزاشە لەم بوارانەدا.