قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسولی گشتیی فەڵەستین کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە باڵیۆز دکتۆر ماهیر کەراکی، کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باسی دۆخی فەڵەستین و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەممە (10/9/2025) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو بزووتنەوەی کورد و بزووتنەوەی فەڵەستین، ڕایگەیاند؛ گەلی کورد هەمیشە پشتیوانی داوا ڕەواکانی گەلی فەلەستین بووە و هاوسۆزی خۆشی بۆ ئەو کارەساتە مرۆییە دەربڕی کە لە فەڵەستین و کەرتی غەززە بەسەر گەلی فەڵەستیندا هاتووە.
جێگری سەرۆکوەزیران هیوای خواست هەرچی زووە شەڕ کۆتایی بێت و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت. هەر لەم چوارچێوەیەشدا پشتیوانیی خۆی بۆ چارەسەری دوودەوڵەتی دەربڕی کە لە ئێستادا لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە پشتگیری لێ دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و فەڵەستین کرا و هاوڕابوون هەردوو گەلی کوردستان و فەڵەستین پێویستە لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا پشتیوان و هاوسۆزی یەکتربن.