قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی کرد لە باڵیۆز عهلی ڕەزا گوينهى، بهڕێوهبهرى گشتيى كاروبارى عێراق و ئێران له وهزارهتى دهرهوهى توركيا و پێکەوە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە (2/9/2025 ) بە ئامادەبوونی ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە لەسەر پشتگیریی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ڕایگەیاند؛ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە لە بەرژەوەندیی هەموو ناوچەکەیدایە و هەڵگری ئەو پەیامەیە بۆ هەموو ناوچەکە کە دواجار چارەسەری ڕاستەقینە و ڕیشەییی کێشەکان هەر لە ڕێگەی ئاشتی و لێکتێگەیشتنەوە بەدی دێت نەک لەڕێی شەڕ و ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ڕوونیکردەوە کە گفتوگۆی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی بەپێی دەستوور کێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن. گوتیشی: لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لێکتێگەیشتن هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە تایبەتیش کێشەی موچە و هەناردەکردنەوی نەوتی هەرێم.