Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی کوەیت لە عێراق کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە حەسەن محەمەد ئەلزەمان، باڵیۆزی کوەیت لە عێراق كرد و پێکەوە لەبارەی چۆنییەتيی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا گفتوگۆیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە (12/2/2026) بە ئامادەبوونی عوسمان ئەلداوود، کونسوڵی گشتیی کوەیت لە هەرێم بەڕێوەچوو، بە گرنگییەوە باس لەو پەیوەندییە مێژووییەی نێوان هەردوولا کرا و جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا، بە تایبەتیش لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانیدا.

باڵیۆزی کوەیت خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی. لەم چوارچێوەیەدا جیگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریکردن لە وەبەرهێنانی بیانی، ڕایگەیاند: دەرفەتی زۆر گەورە بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی کوەیتی هەیە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستان و حکومەتی هەرێمیش ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پشتگیری و کاراسانییەک.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و عێراقیش، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پێکەوەکارکردنی هەموو لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیريی ناوچەکە، بە تایبەتیش عێراق. لەمبارەیەوە باڵیۆزی کوەیت ئاماژەی بەوە کرد: کوەیت وەک وڵاتێکی دراوسێ، پشتگیری لە عێراقێکی سەقامگیر و بەهێز و گەشەسەندوو دەکات.