Skip to the content

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمەریکی دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 6/19 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمەریکی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئێرڤن هیکس کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو ، ستیڤ لوتس جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و پێکهاتەی شاندەکە خستەڕوو کە لە نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیای ئەمەریکیی لە بواری پەرەپێدانی کشتوکاڵی پێکهاتبوو .
سەرۆکی حکومەت، وێڕای سوپاسکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ گرنگیدان بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز و کاراکردنی سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان .
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجمان ئەوەیە ، هەرێمی کوردستان ببێتە سەنتەرێکی گرنگی کشتوکاڵی و بازرگانی لە ناوچەکەدا بە ئاراستەی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک ، هانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکانیشیدا پەرە بە وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان بدەن بە تایبەتی لە بواری وزەی نوێبووەوە و کاروباری بانکی ، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشکەشکردنی هەر ئاسانکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لەمبارەیەوە دووپاتکردەوە.