Skip to the content

سەرۆکی حکومەت: چەندین بەنداو بە جۆری جیاواز لە هەموو پارێزگا و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دروست دەکەین

ئەمڕۆ شەممە 6/24 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەردی بناخەی بەنداوی بەستۆڕەی دانا.
سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا دووپاتیکردەوە کە وەک بەشێک لە ستراتیژ و پلانی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی ئاسایشی خوراک،چەندین بەنداو لە هەموو پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن. ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەت:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان ئامادەبووانی هێژا
زۆر زۆر بەخێر بێن، سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.

خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لێرەین بۆ دانانی بەردی بناخەی پرۆژەی بەنداوی بەستۆڕە كە بە دڵنیاییەوە سوود و قازانجێكی زۆری دەبێت بۆ خەڵكی ئەم ناوچەیە. دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم و هیوادارم ئەم پرۆژەیە لە كاتی خۆی و بەو ستاندارد و مەرجانەی كە پێشتر دیاریكراون، وەك خۆیان جێبەجێ بكرێن. مایەی دەستخۆشییە كە ئەم بەنداوە بە پسپۆڕی و توانای ناوخۆیی دیزایین كراوە و جێبەجێش دەكرێت.
ئاوی ئەم چەمە لە بەهاران و زستانان، بەهۆی بارینی بەفر و باران زۆر دەبێت، بەڵام لە هاویناندا وشك دەبێت، بۆیە ئێمە پێمانوایە بە ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە لەم ناوچەیە، لە هەموو وەرزەكانی ساڵ دەتوانین ئاو گل بدەینەوە و ئەو بەنداوە پڕبێت لە ئاو و ئاوەدانی. هەروەك چۆن لە ساڵانی رابردوو بەستۆڕە شوێنێكی گەشتیاریی بووە بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرە، ئێمە دیسان بتوانین پەرە بە بووژاندنەوەی ئەم ناوچەیە بدەین بۆ ئەوەی جارێكی تر جێی سوود و مفای خەڵكی ئەم دەڤەرە بێت.
سەرەكیترین بابەت یان لەو سوودانەی كە ئێمە دەتوانین لەو بەنداوانە وەربگرین ئەوەیە كە ئاو گلبدەینەوە بۆ مەبەستی بەكارهێنانی خواردنەوە بێت یان بۆ كشتوكاڵ، بەڵام هەندێكجار بەنداوە گەورەكان بۆ بابەتی وزە دەتوانین بەكار بێنین، هەروەها بۆ بابەتی كشتوكاڵیش. بۆ بابەتی گەشتیاریش بە تایبەتی لەم دەڤەرە دەتوانن سوودێكی زۆر لەم جۆرە بەنداوانە وەربگرن. دەتوانین یارمەتیی خەڵكی ئەم دەڤەرە بدەین تاوەكوو بتوانن سوود لە سامانی ماسیش وەربگرن.
وەك بەشێك لە ستراتیژ و پلانی حكوومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك، ئەوە بوو ئێمە بڕیارمان دا چەندین بەنداو بە جۆری جیاواز لە شوێنە جیاجیاكانی كوردستاندا دروست بكەین لە هەموو پارێزگا و ناوچەكانی تری كوردستان. بە خۆشحاڵییەوە هەندێك لەو بەنداوانە جێبەجێ كراون، هەندێكیشیان لە جێبەجێکردندان، هەندێكیشیان دیزایینیان بۆ كراوە و بەرنامەیان بۆ دانراوە، لە داهاتوو ئینشائەڵا ئەوانەش جێبەجێ دەكرێن. كە دوای تەواوبوونیان ئەمانە هەموویان دەتوانن سوود و گرنگییەكی یەكجار زۆریان بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی هەبێت، هەروەك باسم كرد بەشێك لەو بەنداوە گەورانە دەتوانن وزەش بەرهەم بهێنن.
دروستكردنی ئەم بەنداوانە كاریگەریی زۆریان لە پەرەپێدان و سەقامگیریی ئابووریش دەبێت، چونكە ئاو سامانێكی ئابووری و نیشتمانیی زۆر گرنگ و بەهادارە و ئەركی هەموومانە بەفیڕۆی نەدەین.
دروستكردنی ئەم بەنداوانە كاریگەرییەكی زۆری لە بواری پەرەپێدانی گەشتی گەشتوگوزاریش دەبێت، بە تایبەتی خەڵكی ئەم ناوچانە دەتوانن پاش ئەوەی كە بەنداوەكە دروست كرا، شتی باش لێرە دروست بكەن بۆ مەبەستی پەرەپێدان بە كەرتی گەشتوگوزاری.
بەنداوەكان دەتوانن یارمەتیدەرێكی باش بن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئاو گل بدەینەوە، بە تایبەتیش لەو وەرزانەی كە ئاو هەیە، لەو وەرزانەی كە ئاویش نییە، ئێمە بتوانین ئەو ئاوانەی كە لەم بەنداوانەدا گل دەدرێتەوە، دواتر بە مەبەستی جیا جیا بەكاریان بێنین.
هەندێك لە بەنداوە گەورەكانی ئێمە تەنیا سوودیان بۆ كوردستان نەبووە، وەكوو بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان کە سوودەكانیان بۆ هەموو ناوچەكانی تری عێراقیش هەبووە، بۆیەش ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەكەین كە حكوومەتی فیدڕاڵی یارمەتیدەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت لە نۆژەنكردنەوەی ئەم بەنداوانە یانیش لە دروستكردنی ئەو بەنداوە نوێیانەی كە لە بەرنامەماندا هەیە.
لە كۆتاییدا جارێكی تر دەستخۆشی لە جێبەجێكارانی ئەم پرۆژەیە دەكەم، هیوادارم سەركەوتوو بن. هەروەها دەتوانم ئەوەش بڵێم كە حكوومەت بە هەموو جۆرێك پشتیوانی ئێوە دەبێت تاوەكوو ئێمە بتوانین پرۆژەی هاوشێوە لە هەموو شوێنەكانی تری كوردستانیش دروست بكەین.