Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دەچێس سۆفی ئەندامی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 5/23 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەچێس شازادە سۆفی هاوسەری میر ئیدواردی دەچی ئەدنبەرەی برای شا چارلسی شای بەریتانیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کونسولی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرد و سوپاسی بەردەوامیی هاریکاریی بەریتانیای لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر کرد.
دەچێسی ئەدنبرە ، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی و ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو کە برەودانە بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و منداڵان و نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر یان ، بەتایبەتی لەو ناوچانەی دووچاری شەڕ و نائارامی بوونەتەوە ، لەوانە ئافرەتان و منداڵانی ئێزیدی قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش . لەمبارەیەوە جەخت لە پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و منداڵان کرایەوە.
سەرۆکی حکومەت ، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە پەرەپێدانی بنەماکانی یەکسانی جێندەری و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەك لە دژی ئافرەتان‌ دووپات کردەوە.
دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و باشرکردنی کوالیتی خوێندن و دەستەبەرکردنی خوێندن بۆ ئافرەتان و منداڵان ، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو .