سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە وەزیری بەرگريی تورکیا دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 2/7، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له یاشار گولەر، وەزیری بەرگریى تورکیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیى دوولایەنە کرا. جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەش لەپێناو ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.
وەزیری بەرگری تورکیا، پرسە و هاوخەمی بۆ گیانلەدەستدانی قوربانییانی هێرشەکەی هەولێر دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا کە هێرشەکە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
سەرۆکی حکومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای دراوسێتیی باش و بەرژەوەندیى هاوبەش دووپات کردەوە.
گوتیشی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئاسایش و سەقامگیری دەبێت و ڕێگەش نادات ببێتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ دراوسێکانمان.
گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.