Skip to the content

ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، بەشداری لە دیداری بەغدا دەکات

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)-لەیادی بیستەمین ساڵەی دەرچونی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 1325، دیدارێکی تایبەت بۆ گفتوگۆ لەبارەی پلانی دووەم بۆ خانمان، ئاشتی، ئاسایش، لەبەغدا بەڕێوە چوو.


د.خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بەنوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم وتارێکی بەهەردوو زمانی کوردی و عەرەبی پێشکەشکردو جەختی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی حکوومەت و تەواوی کابینە وەزارییەکە پشتگیریی تەواوی هەموو هەنگاوێکی کردەیی و بە پلان بۆ پێشخستنی پرسی ئافرەت دەکەن.


ئەوەشی خستە روو لە رابردوودا دوو پلان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری 1325ی نەتەوەیەکگرتووەکان (ئافرەت، ئاشتی، ئاسایش) لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە، سەرەڕای تێبینیمان لە سەر کەموکورتییەکانی پلانەکان، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع هیچی لێ جێبەجێنەکراوە.


بۆیە بەپێویستیزانی پلانەکە لەلایەن حکوومەتی بەغداو هەولێرەوە پەسەند بکرێن و بودجەی تایبەتیان لەهەردوولا بۆ تەرخان بکرێت و پلانەکە دەبێت تایبەتمەندییەکانی هەر ناوچەیەک لەبەرچاو بگرێت، پێویستە لیژنەیەکی هەماهەنگی لەنێوان هەر دوو حکوومەتدا هەبێت بۆ ئەوەی یەکتر لە پێشڤەچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پلانەکان ئاگادار بکەنەوەو فێربوون و ئەزموون و شارەزاییەکان لەگەڵ یەکتر بەش بکەن.