پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان بەرز نرخێندرا
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- د.خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان پێشوازی لە خاتوو ئیتا شووتە بەرپرسی ئاژانسی (UNHCR)ى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی رەوشی ئاوارەو پەنابەران کرا، بەتایبەتی خانمان و منداڵانی ئاوارە، هەروەها رۆلی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرزنرخێندرا، لە بایەخدان بەژیان وگوزەرانی ئاوارە وپەنابەران لە کەمپەکانی سنووری هەرێمی کوردستاندا.
د. خانزاد ئاماژەى بۆ چالاکی و پرۆگرامەکانی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان کرد، لە گەشەپێدانی رەوشی ئابووری خانمان وبەدەنگەوە هاتنی گرفتەکانی خانمانی ئاوارەو ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەک بۆ گەشەپێدانی ئابووری خانمان، لەرێگەى پرۆژەى کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و بەخێوکردنی هەنگ وپیشەسازی خۆراک و بوارەکانی دیكەی کشتوکاڵ.
خاتوو شووتە رۆلی ئەنجومەنی باڵای خانمانى بەرزنرخاند، لەکارکردن لەسەر پرسەکانی خانمان و هەوڵدان بۆ گەشەپێدانیان لە رووی ئابوورییەوە.
هەروەها تەواوی پاڵپشتی ئاژانسی (UNHCR)ى بۆ سەرخستنی کارو چالاکییەکانی ئەنجومەن، لە خزمەتکردنی خانمان ومنداڵانى ئاوارەو پەنابەر دووپاتکردەوە.
لە تەوەرێکی دیكەی دیدارەکەدا، رەوشی پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم پێکهاتە ئایینی ونەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان خرایە بەرباس کە نموونەیەکی گەشی هاوژیانی ئاشتیانەیە لەتەواوی ناوچەکەدا.