Skip to the content

راپۆرتی كۆمپانیای (دیلۆیت)ی جیهانی سەبارەت بە وردبینی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان-عێراق

(١ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١)

ڕاپۆرتی پشتڕاستکراوی تایبەت بە داتا و زانیاریی نوێ دەربارەی (هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت لە ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە پێگەی ڕەسمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە.

ڕاپۆرتەکە، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیـزی بەردەستە، شیکردنەوەیەکی چارەکە ساڵانە پێشکەش دەکات دەربارەی زانیارییەکانی هەناردەکردنی نەوت و ڕێژەی نرخەکان.

پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن کۆمپانیای (دیلۆیت)ی وردبینیی نێودەوڵەتییەوە ئەنجام دراوە.

لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١، حکومەتی هەرێمی کوردستان ٧٧,٣٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگای بۆری هەناردەی دەرەوەی کردووە. هەروەها ٣,٩٥ ملیۆن بەرمیل بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان تەرخانکراوە. ٧٦,٨٦٩ ملیۆن بەرمیل لە نەوتی خاوی هەناردەکراو گواستراوەتەوە لەلایەن فرۆشیارانەوە لەڕێی بەندەری جەیهان بە تێکڕای نرخی ٥٣,٤٤٦ دۆلار بۆ یەک بەرمیل. لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ٤,١ ملیار دۆلار داهاتی فرۆشی هەناردەکراوی نەوتی خاوی بەدەستهێناوە. لە دوای دانەوەی شایستەکانی مانگانەی بەرهەمهێنەرانی نەوت و بەکاربەرانی بۆرییەکان و کڕیاران، حکومەتی هەرێمی کوردستان ١,٧٣٧ ملیار دۆلاری وەک سافیی داهاتەکانی نەوتی خاوی بۆ مایەوە.

لە چوارچێوەی پڕۆژەی وردبینی سەربەخۆی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان و وەك بەشێك لە دەستپێشخەریی تایبەت بە شەفافییەت لە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی وەزیران، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی هەڵسەنگاندن بۆ ئاشکراکردنی زانیاری سەربار دەکات بۆ پەرەپێدانی شەفافییەت لە بواری کەرتی نەوت و گاز. بەمجۆرە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بە بەردەوامی ڕاپۆرتەکانی وردبینیکردنی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (دیلۆیت)ەوە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکاتەوە. و لە ساڵی (٢٠١٩) ەشەوە داتا و زانیاری پێشکەش کردووە دەربارەی ڕەسیدی  پێشەکیدراو بە هەرێمی کوردستان کە قەرزاری کڕیارەکانی نەوتە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا  ئاشکراکردنی زانیارییەکان فراوان کران و هاوتاکردنی داتاکانی نێوان بەرهەمهێنان و هەناردەکان و بەکاربردنی ناوخۆشی گرتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر كاركردن بۆ برەودان و دەوڵەمەندكردنی ڕاپۆرتەكانی وردبینی و پێداچوونەوە بە پشتبەستن بە سەرنج و فیدباكی لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەناویشیاندا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەرەڕای کارکردن بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەکانی چاودێری و وردبینیی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییە ناوخۆییەکانی بواری وردبینیی کەرتی نەوت و گاز، و حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی پابەندبوونی خۆی دەكاتەوە لە بەرامبەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كە بەردەوام دەبێت لەسەر وردبینی و پێداچوونەوەی سەربەخۆ بۆ سێكتەری نەوت و گاز بە هەموو پرۆسە و بەشەكانییەوە.

دەتوانن لەم لینكەدا دەقی ڕاپۆرتی دیلۆیت بە ئیمزاكراوی و بە فۆرمی PDF سەبارەت بە وردبینیـی هەناردەكردن، بەكارهێنانی ناوخۆیی، داهات و خەرجییەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بۆ (١ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١) بە هەر سێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەستبخەن.

دەتوانن لەم لینكەدا بە فۆرمی PDF نامیلكەیەكی هاوپێچ بە هەر سێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەستبخەن بۆ ڕوونكردنەوەی پێویست و ئاسانكاریی تێگەیشتن لە بڕگەكانی ڕاپۆرتی دیلۆیت.