Skip to the content

ڕوبەری ۱۱ هەزار مەتر دووجا لە مێرگەسۆر لە مین پاککرایەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٢، دەزگای گشتی کاروباری مین بە لەناوبردنی ژمارەیەک مین و تەقەمەنی کۆتایی هێنا بە پاککردنەوەی دووکێڵگەی مین لە دەڤەری مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر.
کارەکە لەلایەن تیمەکانی لەناوبردن EOD ئەنجام دراو، بەمەش کۆتای بە کارکردن لە پاککردنەوەی دوو کێڵگەی بە مین ڕێژکراو لە گوندی بریاوە لە دەڤەری مێرگەسۆر هات.

ئەو دوو کێڵگە مینە تەنیا ۳٠٠ مەتر لە گوندی بریاوە دوور بوون، کە ڕوبەرەکەیان ١١ هەزار مەتر دووجا بوو و لە ماوەی رابردووشدا لەو دوو کێڵگە مینە ٤ کەس بوو بوونە قوربانی.

بە پاککردنەوەیان وێڕای ئەوەی مەترسی لەسەر گیانی هاوڵاتییان لەو گوندە نامێنێت، لە هەمان کاتدا بۆ کاری لەوەڕگا و گژوگیای بەهاریش دەتواندرێت سودی لێ ببیندرێت و بەمەش ڕووبەڕێکی تر لە خاکی پیسبوو بە مین لە کوردستان پاککرایەوە.