Skip to the content

پەیامێک بەبۆنەی ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفال

ئەمڕۆ یادی (٣٣) ساڵەی شاڵاوەکانی ئەنفال کردنی خەڵکی کوردستانە، یادی ئەو ئازیزانەمانە کە بەشێوەیەکی دڕندانەو نامرۆڤانە لەلایەن رژێمی بەعسەوە کۆمەڵکوژ کران.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەنفال کە بە ھەشت قۆناغ ئەنجامدرا پرۆسەیەکی رژێمی دیکتاتۆری لەناوچوی بەعس بوو، ئامانج لێی قڕکردن و سڕینەوەو لەناوبردنی ناسنامەی نەتەوایەتی کورد بوو، لەئەنجامدا ھەزاران ھاوڵاتی بێتاوان لە منداڵ و ژن و پیاو و گەنج و پیر کۆمەڵکوژ و زیندەبەچاڵ کران، ئەمەجگە لە خاپورکردنی ھەزاران گوند و شارو ناوچەو تەختکردنیان لەگەڵ زەوی و ھەڵتەکاندنی بنەماکانی ژیان لە کوردستان.

 

ئەنفال، برینێکی قوڵ و زامێکی ساڕێژ نەبووە، یەکێکە لە دڕەندەترین ئەو تاوانانەی کە لە مێژودا دژ بە مرۆڤایەتی کراوە. لەم بۆنە خەمناکەدا، درود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدان و قوربانیانی ئەنفال و تێکڕای شەھیدانی کوردستان دەنێرین، وێڕای جەخت کردنەوەش لەسەر خزمەتکردنی تەواوی ناوچەکانی کوردستان و ئاوەدانکردنەوەیان، ھاوکات پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تێکڕای کەسوکاری شەھیدان دوپات دەکەینەوە.

 

دانا عەبدولکەریم

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن

٢٠٢١/٤/١٤