Skip to the content

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کۆبونەوەی تایبەت بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای رێگاوبانە گشتییەکان ئەنجامدەدات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێ شەممە 2021/2/23 بۆ رێکخستنی کارەکانی وەزارەت لەبواری پاراستنی رێگاوبانە گشتییەکان و پاراستنی گیانی بەکارهێنەرانی رێگا گشتییەکان، کۆبونەوەی لیژنەی تایبەتی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای رێگاوبانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

کۆبونەوەکە بە سەرپەرشتی بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بۆ بواری رێگاوبان بەڕێوەچوو، کە تیایدا گفتوگۆی ورد لەسەر مادە بەمادەی یاساکەو شرۆڤەی تەکنیکی و یاسایی بۆ هەموو بڕگەکانی کرا، ئەم یاسایە دەبێتە جێگرەوە بۆ رێگا گشتییەکانی ژمارە (3)ی ساڵی (2012) کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە.

هەر لە کۆبونەوەکەدا کە راوێژکارانی دیوانی وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، بەڕێوەبەرانی بەدواداچون و یاسایی و نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بەشداربون، تێبینی و سەرنجی گرنگ خرانەڕوو کە رۆڵی گەورەیان هەبوو لە دەوڵەمەندکردنی یاساکەو داڕشتنی بەجۆرێک کە هەموو کایەو لایەنە پێویستەکان لەخۆبگرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەپلانی چوار ساڵەی خۆیدا لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، چاوخشاندنەوە بۆ یاساکانی تایبەت بە وەزارەت ئەنجامدەدات لەناویاندا، یاسای رێگاوبانە گشتییەکان، ئەم یاسایە بۆ مەبەستی رێکخستنی کارەکانی وەزارەتە لەبواری پاراستنی رێگاوبانە گشتییەکان و قەدەغەکراوەکانی کە دواجار رۆڵی گەورە دەبینێت لە پاراستنی بەکارهێنەرانی رێگا گشتییەکان، هەروەها بۆ ئەوەی یاساکە گونجاو بێت لەگەڵ پێشکەوتنی سەردەم و رێکارەکانی پاراستن و رێکخستنی بەکارهێنانی تۆڕی رێگاوبانە گشتییەکان لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان روون و دیاریکراو بێت.