Skip to the content

وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی رێگاوبان لەسنوری سلێمانی دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- ئەمڕۆ دووشەممە 2021/3/1، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی کرد.

لە دیدارێکدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەئامادەبونی بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سلێمانی کۆبوەوە بەمەبەستی بەدواداچون و گفتوگۆکردن سەبارەت بە پڕۆژەکانی وەزارەت لە بواری رێگاوبان لە سنوری سلێمانی و تەواوکردنیان و چارەسەری کێشەکانیان.

لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ و بڕیاری پێویست دران بەئامانجی ھەرچی زوو تەواوکردنی پڕۆژەکانی وەزارەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ھاوکات وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جەختی کردەوە، ھەمو توانایەک دەخەنەگەڕ بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان و دابینکردنی رێگایەکی سەلامەت بۆ ھاتوچۆکردنیان.