Skip to the content

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ كردن: ئامانجمان خزمەتکردنی ھاوڵاتیانی کەمدەرامەتە

رۆژی سێشەممە ٨ی ئابی ٢٠٢٣،، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە بەرھەم قەرەداغی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کرد.
لە دیدارێکدا کە توانا داود، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و زانا عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری گشتی تەکنیک ئامادەی بوون، گفتوگۆ کرا سەبارەت بە پرۆسەی دابەشکردنی فۆرمی پڕۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبون کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە بەشێوەی ئۆنلاین راگەیەندراوە، بە ئامانجی خزمەتکردنی ھاووڵاتیانی کەمدەرامەت.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، جەختی کردەوە، دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت، یەکێکە لە ئەرکەکانی وەزارەت، لەو چوارچێوەیەدا بەمەبەستی دابەشکردنی یەکەکان و بۆ کارئاسانی بەردەستخستنی بۆ خێزان و ھاووڵاتیانی کەمدەرامەت وەزارەتمان فۆرمی داواکاری بەشێوەی ئۆنلاین بەردەست خستووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی سیستەمەکە داواکارانی ھەر پارێزگایەک بۆ ناوچەکانی خۆیانە و دانیشتویەکی پارێزگایەک لەسەر پارێزگایەکی تر ئەژمار ناکرێت، وەک چۆن یەکەکانی ھەر پارێزگایەک بۆ دانیشتوانی ئەو پارێزگایە خۆی دەبێت.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن راشیگەیاند، بەگرنگیان زانیوە لە قۆناغەکانی پرۆسەی ئامادەکردنی فۆرمەکە، بۆچوون و پێشنیاری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان بەھەند وەربگرن و رۆڵیان ھەبێت.

لای خۆشیەوە، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان سوپاسی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی کرد لەبەرامبەر ھەوڵەکانی بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و کەمدەرامەتان و کرێنشینان، ھاوکات بە گرنگیەوە باسی لە پرۆسەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کرد بۆ دابەشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبون بەشێوەی ئۆنلاین، بەئامانجی خزمەتکردنی ھاوڵاتیان.