Skip to the content

وەزیری ئاوەدانکردنەوە پرۆژەی رێگای زەڕایەن-ناوتاق-دەربەندیخانی بەسەر کردەوە

دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پڕۆژەی ڕێگای زەڕایەن-ناوتاق-دەربەندیخانی بەسەر کردەوە. 

لەو سەردانەدا کە ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سەر بە وەزارەت و قائیمقامی دەربەندیخان و بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداریی ئامادەی بوون، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بە گرنگی و بایەخی پڕۆژەکە کرد بۆ ناوچەکە و ھاونیشتیمانیان و گوتی: "پڕۆژەکە پێک ھاتووە لە دروستکردن و قیرتاوکردنی ڕێگای زەڕایەن-ناوتاق-دەربەندیخان، بە درێژیی ٢٢ کم، بە گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت". ھیواشی خواست لە کاتی دیاریکراودا تەواو بکرێت.

پڕۆژەکە یەکێکە لەو سێ داواکارییەی ھاووڵاتییان و ئیدارەی سنوورەکە کە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەڵێنی دابوو بە جێبەجێکردنی، ئەویش دوای تەواوکردنی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان، لەگەڵ بەردەوامیی کارکردن لە قیرتاوکردنی ڕێگای دووڕیانی ژاڵەناو لە دەربەندیخان.

تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، جگە لەوەی کاریگەریی گرنگی دەبێت لەسەر کارئاسانیی ھاتوچۆ و دابینکردنی ڕێگایەکی سەلامەت بۆ ھاووڵاتییان و کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی ھاتوچۆ لە سنورەکە، ھاوکات لە ڕووی گەشتیاری و ئابورییەوە ڕۆڵی ئەرێنی دەبێت بۆ ناوچەکە.