Skip to the content

ڕێگای ژاڵەناو و ڕێڕەوی بارھەڵگرەکان لە دەربەندیخان قیرتاو دەکرێت

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ى تەممووزی ٢٠٢٣، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە شێوەیەکی مەیدانی پڕۆژەی ڕێگای ژاڵەناوی بەسەر کردەوە و تیمەکانی ڕاسپارد بۆ چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیان بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە و کارئاسانی بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتییان.

دواتر وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەفدی یاوەری کە پێک ھاتبوون لە ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، سەردانی قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخانی کرد و لە دیدارێکدا لەگەڵ سلێمان محەمەد، قائیمقامی دەربەندیخان و بەرپرسانی ئیداریی سنوورەکە گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەکانی سنوورەکە کرا.
قائیمقامی دەربەندیخان سوپاس و ستایشی ھەوڵەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و وەزارەتەکەی کرد بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان و خزمەتکردن بە ھاووڵاتییان.

پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی چینی بایندەر بۆ شەقامی قیری دووڕیانی ژاڵەناو، سی مەتریی ڕێڕەوی بارھەڵگرەکان بە درێژیی ٧ کم، کە بڕی ٤٨٧.٧٩٠.٠٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی سلێمانییەوە جێبەجێ دەکرێت.

ھاوکات دوای ئاراستەکردنی نووسراو لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ وەزارەتی دارایی بۆ دابینکردنی بودجەی پڕۆژەکە، وەزیری دارایی و ئابووری ڕەزامەندیی لەسەر تەرخانکردنی بودجەی پڕۆژەکە دەربڕیوە.

جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دوای ئەوە دێت ڕۆژی ١٩ى نیسانی ٢٠٢٢، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تونێلی دەربەندیخانی بەسەر کردەوە و بەڵێنی دا بە قیرتاوکردنی ڕێگاکە و کارئاسانی بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتیان و ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان.