Skip to the content

دانیشتوانی دۆڵی سماقوڵی پەیامی سوپاسی خەڵکی ناوچەکەیان گەیاندە وەزیری ئاوەدانکردنەوە

ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ژمارەیەک لە دانیشتوانی دۆڵی سماقوڵی سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنیان کرد و لەلایەن دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە پێشوازییان لێ کرا.
لەسەردانەکەیاندا، بەناوی خۆپیشاندەران و دانیشتوانی سنورەکەوە سوپاس و ستایشی ھەوڵەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنیان کرد، کە بەدەم داواکاری خەڵکی سنورەکەوە ھاتوون و داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێ کردون بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگای دۆڵی سماقوڵی و رایانگەیاند: '' ئێوە بەڵێنەکەی خۆتان بردەسەر و جێبەجێتان کرد، ئێمەش ھاتوین سوپاست بکەین.''

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جەختی کردەوە، خزمەتکردنی ھاوڵاتیان بە ئەرکی خیۆی و وەزارەتەکەی دەزانێت و رایگەیاند:''ئێوە شایستەی لەوە زیاترن و ئەوەی لە تواناماندا بێت وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتی ھاووڵاتیان درێغی ناکەین، بەرنامەی ئێمە لەوە زیاتر بووە بەوەی رێگاکە بکەینە دوساید، بەڵام لەبەر بارودۆخی دارایی نەکراوە، ھەمو ھەوڵێکیش دەدەین وەک بەشێک لە پلان و بەرنامەی وەزارەتمان بۆ ئەوەی رێگاکە بکەینە دوساید.''

لەسەر راسپاردەی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، رۆژی ٩ی ئایاری ٢٠٢٣، تیمەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەستیان بە کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگای دۆڵی سماقوڵی کرد.

پڕۆژەکە پێکهاتوە لە نۆژەنکردنەوەو چاککردنەوەی قیری رێگاکە لە دەربەندی گۆمەسپان تا بەنداوی سماقوڵی و لەوێشەوە تاوەکو ھیزۆپ.