Skip to the content

پرۆژەی چاککردنەوەی ڕێگای بیارە-بەڵخە لە پارێزگای ھەڵەبجە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە

رۆژی دووشەممە، ١٩ى حوزەیرانی ٢٠٢٣، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پێشوازیی لە حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە کرد.

لە دیدارێکدا وێڕای گفتوگۆکردن لەبارەی بەرنامە و پرۆژەکانی وەزارەت لە بواری ڕێگاوبان لە سنوورەکە، گفتوگۆ سەبارەت بە پرۆژەی چاککردنی ڕێگای بیارە-بەڵخە لە ناحیەی بیارەی سەر بە پارێزگای ھەڵەبجە کرا، کە داواکاریی ھاووڵاتییانی سنوورەکە و ناحیەکە بوو.

لەو چوارچێوەیەشدا لەسەر فەرمانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دوای ئاراستەکردنی نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی و ڕەزامەندیی وەزیری دارایی و ئابووری، لە داھاتوویەکی نزیکدا پرۆژەی چاککردنەوەی رێگای بیارە بەڵخە بەدرێژیی ٤.١ کم دەخرێتە بواری جێبەجێکردن کە بڕی زیاتر لە ١٥٨ ملیۆن دیناری لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ تەرخان کراوە، ئەوەش وەک قۆناغی یەکەم بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگای بیارە-تەوێڵە کە لە سێ قۆناغ پێک دێت.

جێبەجێکردنی پرۆژەکە گرنگی و بایەخی گەورەی بۆ ناوچەکە دەبێت، بەتایبەت چارەسەرکردنی گرفتی ھاتوچۆی ھاووڵاتییان لە نێوان بیارە و ھەڵەبجە،و کارئاسانی بۆ ھاتوچۆی گەشتیاران کە لە ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراقەوە سەردانی ناوچەکە دەکەن، ھەروەھا کارئاسانی بۆ ھاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان بەو پێیەی مەرزی تەوێڵە شوشمێ دەکەوێتە سنوورەکەوە.

لە ھەمان کاتدا پرۆژەی چاککردنی ڕێگای پردی زەڵم-خورماڵ ڕەزامەندیی وەزارەتی دارایی بۆ وەرگیراوە، کە بە گوژمەی زیاتر لە ١٤٠ ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە ئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت.