Skip to the content

بانکی نێودەوڵەتی پاڵپشتی پرۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دەکات

ڕۆژی سێشەممە ٧ی ئاداری ٢٠٢٣، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای بانکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ستیڤان جی، بەڕێوەبەری ستراتیژی و ئۆپەراسیۆنەکان کرد.
لە دیدارێکدا، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و ئەرکەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ، بەتایبەت دروستکردنی ڕێگاوبان و پرد و یەکەکانی نیشتەجێکردن بۆ کەسانی کەمدەرامەت و دووسایدکردنی ڕێگای نێوان شارەکان.

 دانا عەبدولکەریم سوپاسی بانکی نێودەوڵەتی کە ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاری وەزارەت و ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەرێمی کوردستان.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن داوایکرد، هەر بەرنامەیەکی بانکی نێودەوڵەتی کە بۆ عێراق جێبەجێ دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەتایبەت کە لەئێستادا ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاراستەی بانکی نێودەوڵەتی کراون هیواشی خواست پاڵپشتی بکرێن.

دواتر ستیڤان جی ئاماژەی بەوەکرد، کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی پاڵپشتی دارایی و گەشەپێدانی مرۆیی و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری عێراق کردوە لەلایەن بانکی نێودەڵەتی و راشیگەیاند، لەئێستادا زۆربەی کارەکانی بانکی نێودەوڵەتی ئامادەن و چاوەڕوانی پلان و بەرنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەکەن. 

سەرۆکی شاندەکە ئاماژەی بەوەشكرد، لەماوەیەکی نزیکدا دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و سەردانی ئەو پڕۆژانە دەکەن کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە ئاراستەیان کراوە، بۆ ئەوەی پاڵپشتییان بکەن.