Skip to the content

دانا عەبدولکەریم : پشتیوانی ھەر وەبەرھێنێک دەکەین خزمەت بە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بکات

رۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ئاداری ٢٠٢٣، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پێشوازی لە محەمەد مەولود یاکوت، کۆنسوڵی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا، گفتوگۆ کرا سەبارەت بە پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و کارکردنی کۆمپانیا تورکییەکان لە بواری پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە ھەرێمی کوردستان و کاروبار و کێشەی کۆمپانیا تورکییەکان.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان وڵاتێکی ئارامە بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی بیانی و دەتوانن سەرمایەکانیان بخەنەگەڕ، ھەروەھا وەک حکومەت و وەک وەزارەتیش پاڵپشت و کارئاسانیان بۆ دەکرێت.

دانا عەبدولکەریم جەختیشی لەسەر ھاوکاری وەزارەت کردەوە بۆ ھەر لایەن و وەبەرھێنێک کە بیەوێت خزمەت بە ھاووڵاتیان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بکات، لەو چوارچێوەیەشدا پاڵپشت و ھاوکار دەبین بۆ چارەسەری کێشەی کۆمپانیاکان.

شاندی میوان وێڕای سوپاسکردن و بەرزنرخاندنی رۆڵی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، ئامادەیی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیانی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی کارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری و کارکردن لە سێکتەرە جیاوازەکاندا.