Skip to the content

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پێشوازی لە وەفدێکی بانکی نێودەوڵەتی دەکات

رۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ئاداری ٢٠٢٣، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پێشوازی لە شاندێکی بانکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئیبراھیم ئەلدەجانی، بەڕێوەبەری کەرتی گواستنەوە لە بەشی رۆژھەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقای سەر بە بانکی نێودەوڵەتی و سۆران حەمە تاهر، پسپۆڕی باڵای ژێرخانی و نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی لەهەرێمی کوردستان کرد.

لەکۆبونەوەیەکدا گفتوگۆ کرا سەبارەت بەکارو پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە تایبەت لە بواری رێگاوبان و ھەماھەنگی نێوان ھەردولاو کاری پێکەوەیی.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جەختی کردەوە کە پڕۆژەکانی رێگاوبان ئەولەویەتی کارکردنی وەزارەتە و رایگەیاند:''رێگای دوسایدی نێوان شارەکان کاری لەپێشینەی وەزارەتە و بۆ ئەومەبەستەش هەمو هەوڵێکمان بۆ دابینکردنی بودجە و جێبەجێکردن و تەواوکردنیانە، بۆ ئەوەی رێگایەکی سەلامەت بۆ ھاووڵاتیان دابین بکەین.''

وەفدی بانکی نێودەوڵەتی جەختی لەسەر کاری پێکەوەیی و ھەماھەمگی نێوان ھەردولا کردەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ ھەمو ھاوکارییەک دوپات کردەوە.