Skip to the content

کێشەى ھاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان چارەسەر دەکرێت

ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ى ئایارى ٢٠٢٣، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پێشوازیی لە تاریق حەیدەری، قائیمقامی کۆیە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداریی سنووری قەزای کۆیە کرد.

لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی پرسەکانی پەیوەست بە ڕێگاوبان لە سنوورەکە کرا؛ لە سەروو ھەموویانەوە تاووتوێکردن و دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ دیاریکردنی ڕێگایەک بۆ ھاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان و چارەسەرکردنی کێشەی ھاتوچۆکردنیان، تا ئەو کاتەی ڕێگایەکی تایبەت بە ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان تەرخان دەکرێت. لەو ڕووەوە پلان و بەرنامەی گونجاو بە شێوەیەک کە لە خزمەتی ھەموواندا بێت، دادەنرێت.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جەختی کردەوە "خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و کارئاسانی بۆ ھاتوچۆکردنیان لەنێوان شارەکان بە ئەرک دەزانن و لەو ڕووەوە ئەوەی پەیوەست بێت بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و لە توانای وەزارەتدا بێت درێغی ناکەن."

قائیمقامی کۆیە سوپاسی ھەوڵەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و کارەکانی وەزارەتی کرد بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بایەخدان بە سنوورەکەیان، ھاوکات ھەوڵەکانی وەزارەتی بە گرنگ ناوبرد بۆ چارەسەری کێشەی ھاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان.

ماوەیەکە کێشەى هاتوچۆی بارەهەڵگرەکان لە نێوان شارەکاندا دروست بووە و دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی خۆپیشاندەرانی دۆڵی سماقوڵی کرد و بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی پێ دان، ھاوکات ڕۆژی دواتر کارکردنی تیمەکانی وەزارەت دەستی پێ کرد و کارکردنیش تا چاککردنەوەی ڕێگاکە بەردەوام دەبێت.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن وێڕای پشتگیریی داوای خۆپیشاندەران، ئاماژەی بەوەش کردووە "داواکاریی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان ڕەوایە و کار بۆ چارەسەری کێشەکانیان دەکەن."