Skip to the content

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕێگەی پردی بەنداوی سماقوڵی دەکاتەوە

ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی ڕێگەی پردی بەنداوی سماقوڵی لەسەر ڕێگەی سماقوڵی - ھیزۆپ کردەوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، پارێزگاری ھەولێر، و بریکاری وەزارەت بۆ ڕێگەوبان، و بریکاری وەزارەت بۆ نیشتەجێکردن، و قائیمقامی کۆیە، و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت ئامادەی بوون.

لە وتارێکدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئاماژەی بە گرنگی پڕۆژەکە دا و ڕایگەیاند؛ ئەم پڕۆژەیە ئاستەنگی ھاتووچۆی ھاووڵاتییان لە سنوورەکە چارەسەر دەکات و ھاتووچۆیەکی ئاسان بۆ ھاووڵاتییان لە نێوان ھەولێر و سلێمانی دەستەبەر دەکات.

دانا عەبدولکەریم راشیگەیاند:'' جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە داواکاری دانیشتوانی سنوورەکە کە لە ماوەکانی ڕابردوو بەشێوازێکی مەدەنیانە خۆپیشاندانیان کردبوو، بۆیە ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتی ھاووڵاتییان درێغی ناکەین.''

پڕۆژەکە پێکھاتووە لە دروستکردنی ڕێگەیەک بەدرێژی ٢.٧کم، کە دوو بەش و ژمارەیەک ئاوبەری سندوقی و لولەیی و ھێڵکاری بۆ ڕێگەکە لەخۆ دەگرێت لەگەڵ دیوارە ڕاگرەکان، و کۆی گشتی گوژمەی پڕۆژەکان زیاتر لە دوو ملیار دینارە.