Skip to the content

بە گوژمەی ملیارێک و ٥٢٨ ملیۆن دینار ڕێگەی دۆڵی سماقوڵی نۆژەن دەکرێتەوە

ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٣،دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەیاوەری بریکاری وەزارەت بۆ ڕێگاوبان و بەڕێوەبەری گشتی دیوان و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەرێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، چەند پێگەیەکی جیاوازی پڕۆژەکەی بەسەرکردەوە.

لە کاتێکدا، ڕۆژی ٩ی ئایاری ٢٠٢٣، دوای ڕۆژێک لە سەردانەکەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ لای خۆپیشاندەرانی دۆڵی سماقوڵی و پێدانی بەڵێن بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی سماقوڵی تاوەکو بەنداوەکە و لەوێشەوە تاوەکو سێڕیانی هیزۆپ دەستیپێکرد.

جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەچەند قۆناغێک و لەچەند شوێنێکی جیاجیادا بوو، بەشێکی بە درێژایی ٢٥کم لە سێڕیانی سولاوک تاوەکو بەنداوی سماقوڵیە کە پێکهاتوە لە قیرتاوکردن و تێکەڵەڕێژکردن و چاککردنەوەی شوێنە تێکچوەکان، هەروەها بڕگەی فەرشکردنی تێکەڵەی قیر بەهەردو چینی ستابلایزەر و بایندەر بۆ چەند شوێنێکی جیاواز و پێویست بە ڕوبەری ٣٢ هەزار م٢، بە گوژمەی زیاتر لە ٥٦٤ ملیۆن دینار، ئەم قۆناغەش ڕێژەی کارەکانی لە کۆتاییدایە.

بەشێکی تری پڕۆژەکە، دروستکردنی دیواری پاڵپشتە لە ڕێگەی سماقوڵی هیزۆپ، کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن نوسراو ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کراوە و ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی بۆ وەرگیراوە. لە بەنداوی سماقوڵی تاوەکو سێڕیانی هیزۆپ قۆناغێکی دیکەی پڕۆژەکەیە، کە پێکهاتوە لە ٩کم، کە حەوت کیلۆمەتری هەڵگرتنی قیرە کۆنەکە و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی ڕێگەکەیە بە گوژمەی ٩٦٤ ملیۆن دینار.

هاوکات لەسەر فەرمانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کێرڤی بەشێکی ڕێگەکە لەنزیک گوندی هیزۆپی گەورە کە بەشێکە لەڕێگەی سماقوڵی هیزۆپ، پێشتر ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ هاووڵاتییان دروستکردبوو، ئەوەش چاکدەکرێت و ئەو بەشەی ڕێگەکە نۆژەندەکرێتەوە.

جگەلەوانەش، لەسەر فەرمانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و دوای داواکاری دانیشتوانی ناوچەکە، ژمارەیەک لە گوندەکانی سنورەکە قیرتاو و تێکەڵەڕێژکران و بەشێکیان تەواوبوون و بەشێکیان کارکردن تیایدا بەردەوامە.