Skip to the content

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نيشته‌جێكردن: خزمه‌تكردنى هاووڵاتييان ئه‌ركه‌ و كه‌مته‌رخه‌ميى لێ ناكه‌ين

ڕۆژی یەکشەممە ۲۱ــی ٤ــی ۲۰۲٤، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە میانی سەردانەکەی بۆ پێنجوێن و بە ئامادەبوونی قايمقام، لە فەرمانگەی چاککردن و پاراستنی ڕێگه‌وبانی پێنجوێن، لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی دەستەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی قەزاکە کۆبووەوە.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن خۆشحاڵيی خۆی بە دیدارەکە ده‌ربڕى و ڕایگەیاند؛ خزمەتکردنی ھاونیشتمانیان ئەرکه‌ و ئەوەی لە تواناماندا بێت كه‌مته‌رخه‌مى ناکەین. جەختی کردەوە کە بەڵێنەکانیان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دەستەی خۆپیشاندانەکان بردووەتە سەر و لە ئایيندەدا پرۆژە و خزمەتگوزاريی دیکەش لە سنورەکە بە ئەنجام دەگەیەنن.

نوێنەرانی دەستەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکان سوپاس و پێزانینیان گەیاندە وەزیر بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، لەناویاندا کردنەوەی فەرمانگەی چاککردن و پاراستنی ڕێگه‌وبانی پێنجوێن، نۆژەنکردنەوەی ڕێگه‌ی پێنجوێن - سلێمانی، نۆژەنکردنەوەی پردی ناڵپارێز.

ھاوکات ژمارەیەک داواکاری دیکەیان خستە بەردەم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، سەبارەت بە چاکردنەوەی ئەو پردەش کە لە پێنجوێنەوە دەچێت بۆ گەرمک لەگەڵ ژمارەیەک داواکاريی دیکەی خزمەتگوزاریی، لە بەرانبەردا وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد تا زوو ده‌ست به‌ كار بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنى داواکارییەکان.

لەلایەکی دیکەوە، پرۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگه‌ی گوندەکانی ناڵپارێز - دۆستەدەرە، یەکێکی ترە لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنورەکە، کە درێژییەکەی ١٠.٨ کم، و خزمەتێکی گەورە بە دانیشتوانی ناوچەکە دەکات.