Skip to the content

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن سەردانی قەزای پێنجوێنى كرد

ڕۆژی یەکشەممە ۲۱ــی ٤ــی ۲۰۲٤، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە یاوەری ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی و شاندێکی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەت لە سلێمانی، سەردانی قایمقامیەتی قەزای پێنجوێنی کرد و لە دیدارێکدا لەگەڵ زانا ڕەحمان، قایمقامی پێنجوێن و بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنورەکە گفتوگۆ لەسەر پرۆژەکانی ڕێگه‌وبان لە سنورەکە کرا.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بە بەشێک لە پرۆژەکانیان لە سنورەکە كرد و گوتی؛ کارکردن و خزمەتکردنی ھاونیشتیمانیان بە ئەرک دەزانین، ھەر لەبەر بایەخ و گرنگیدانمان بە سنورەکە، ئەمڕۆ بە ڕەسمی فەرمانگەی چاککردن و پاراستنی ڕێگه‌وبان لە پێنجوێن ده‌كه‌ينه‌وه‌، بۆ زیاتر خزمەتکردنی ھاونیشتمانیان.

گوتیشی "ئێمە ھاتو,ین گوێ لە داواکارییەکانتان بگرین و ھەمو, ھەوڵێک دەدەین، و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ جێبەجێکردنی داخوازیيەکانتان كه‌مته‌رخه‌مى ناکەین."

لای خۆیەوە زانا ڕەحمان، قایمقامی پێنجوێن سوپاس و ستایشی ھەوڵەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و وەزارەتەکەی کرد بۆ خزمەتکردنی ھاونیشتمانیان و بایەخدان بە پرۆژەکانی سنورەکە، ھاوکات ژمارەیەک داواکاری لە بواری قیرتاوکردنی ڕێگه‌وبانی سنورەکە خستە بەردەم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.

ھەر لەو چوارچێوەیەدا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی داخوازیيەکانیان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەر بە وەزارەتی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست و بڕیار و ڕێنمایی پێویست دەرکرا.