Skip to the content

کارکردن لە پرۆژەی ڕێگەی دۆڵی بالیسان دەستی پێ کردەوە

ڕۆژی سێشەممە ١٦ــی نیسانی ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتیی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کۆبوونەوەیەک لە دیوانی وەزارەت تایبەت بە پلان و ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لە پرۆژەی قیرتاوکردنی (ڕێگەی دۆڵی بالیسان) بەڕێوە چوو.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە لایەنی جێبەجێکاری پرۆژەکەی ڕاسپارد بە دەستپێکردنەوەی کارکردن لە پرۆژەکەدا، هەروەک جەختیشی کردەوە لەسەر هەوڵەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار و بەردەوامبوون لەکارکردن تا تەواوبوونی پرۆژەکە. 
 
پرۆژەکە دەکەوێتە نێوان سەروچاوە-خەلیفان و ھەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین و سۆران، کە جگە لەوەی ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەولێر پێکەوە دەبەستێتەوە، هاوکات بە ڕێگەیەکی بازرگانی دادەنرێت و پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین دەبەستێتەوە بە ڕێگەی ھامڵتۆن و مەرزی حاجی ئۆمەران.

پرۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگەی دۆڵی بالیسان لە سێڕیانی زینەتیر تاکوو شکارتە-یەو درێژییەکەی ٢٣ کیلۆمەترە، بەھۆی وەرزی زستان و دواتریش نەبوونی نەختینەوە، کارکردن تیایدا وەستابوو.