کەرکوک : بەئامادەبوونى وەزیرى رۆشنبیرى پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەرشەقام دەستى پێکرد
وەزیری ڕۆشنبیری ولاوان: شانۆ ڕووداوو کەسێتی ناو مێژوو دەهێنێتەوە ناو ژیان.
رۆژى ۲۰١٩/۱۱/۲۸ بەئامادەبوونی (حەمەی حەمەسەعید)، وەزیری ڕۆشنبیری ولاوان ، لەشاری کەرکوک
(پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەرشەقام) لەناو جۆش وخرۆشی ئامادەبوان وهونەرمەندو هونەردۆستان دەستی بەبەرنامەو کارەکانی خۆی کرد.
وەزیری ڕۆشنبیری ولاوان بەو بۆنەوە وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبوانی فێستیڤاڵ کرد .
سەرەتا سوپاس و دەستخۆشی خۆی و وەزارەتی ئاراستەی ئامادەکاران و بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری وهونەری کەرکوک کرد . پاشان تیشکی خستە سەر سەرەتای سەرهەڵدانی شانۆ هەرلەسەردەمی کۆنی یۆنانییەکان تا ئەو قۆناغەی کەدەبێتە سەرەتای شانۆی کوردی .
وەزیری ڕۆشنبیری ولاوان لەبەشێکی تری وتارەکەیدا باسی لە گرنگی و ئامانجی شانۆکرد چ لەڕابردو تا ئەمڕۆ هەروەها ئاماژەی بەوەشدا گەرچی کورد نزیکەی سەدەیەکە بەڕوونی شانۆ وڕەگەزەکانی دیارن، بەڵام هونەرمەندان و شانۆکارانی کورد هەوڵ و کاری باشیان پێشکەش کردووەو جێگەی دەست خۆشییە.
هەموومان قەرزاری کەرکوکین، وەزیری ڕۆشنبیری ولاوان لەگەڵ گرنگی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە باسی گرنگێکی دیکەی کرد کەئەویش ئەنجامدانی کاروچالاکی و فێستیڤاڵەکانە بەگشتی و بەتایبەت لەشاری کەرکوک، گەرچی کەرکوک ناوچەی دەرەوەی هەرێمە بەڵام ئێمە وەک وەزارەتی ڕۆشنبیری ولاوان فەرمانی وەزاریمان دەرکردووە، بۆ پشتیوانی وهاوکاری کەرکوک و کەرکوکییەکان لەڕووی ڕۆشنبیری وهونەری و وەرزشییەوە هەروەها وتیشی گرنگی زیاتر دەدەین بەفەرهەنگ وکلتورو ڕۆشنبیری ناوچەکە.
لەکۆتایدا بەڕێز (حەمەی حەمەسەعید) سوپاس و دەست خۆشی ئاراستەی هەموو لایەک کرد کەهاوکارو پشتیوانی سەرخستنی بەرنامەو کارەکانی پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام بوون لەشاری کەرکوک .