وەزارەتی ڕۆشنبیری هەموو توانای بۆ گرنگیدانى زیاترى کتێب و وەشان و فراوانکردنى کلتوورى کتێبخوێندنەوە تەرخان دەکات
وهزارهتی رۆشنبیری و لاوان به بۆنهی رۆژی جیهانیی كتێبەوە پهیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردهوه و تیایدا پیرۆزبایی لە نووسەران و توێژەران و خوێنەرانی کتێب و کتێبخانەکان و هەموو دەزگاكانی وەشاندن کرد و ڕۆڵ و بایەخیانی بەرز نرخاند.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان به بۆنهی ڕۆژی جیهانیی كتێبەوە کە لە ساڵی ١٩٩٥ى زایینی لە لایەن ڕێکخراوی یونسکۆ دیارى کردووە، لە پەیامەکەیدا باسى لەوە کردووە کە هەموو توانای بۆ گرنگیدانى زیاتر بە کتێب و وەشاندن و فراوانترکردنی حەز و کلتووری خوێندنەوە لەناو کۆمەڵگهی کوردستان بە گشتی و لاوان بە تایبەتی، تەرخان دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و زانکۆ و ناوەندە ئەدەبی و زانستییەکانەوە، هەوڵى بایەخدانی زیاتر بە هەموو ژانرەکانی کتێب دەدات بۆ ئەوەى تایبەتمەندیی کلتووریی و جیهانبینی خۆی بە جیهان بناسێنێ و بە هی ئەوانیش ئاشنا بێ و هەر بۆیە وەزارەتى ڕۆشنبیریش ڕەخنە لەو ناجۆرییەى زمانى نووسین و میدیا دەگرێت و دەخوازێت زمانی کوردی بە هەموو شێوەزارەکانی و زمانی نەتەوە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان ببێتە جێی بایەخی نووسەران و توێژەران و دامودەزگا فەرمی و ئەکادیمییەکان و چاکسازییەکی بنەڕەتییان تێدا بکرێ.