کردنەوەی سەنتەری ڕۆشنبیری ئەرمەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/2/24 بەئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و پارێزگاری هەولێر و جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەو جێگری وەزیری دەرەوە و سەرکونسڵی ئەرمینیا لەهەرێمی کوردستان و باڵوێزی ڕوسیا لەعێراق، سەنتەری ڕۆشنبیری ئەرمەن لەسەر قەڵای هەولێر کرایەوە.
حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان گرنگی سەنتەری ڕۆشنبیری ئەرمەن لەکوردستاندا و پەیوەندی لەمێژینەی کوردو ئەرمەنی باسکرد کە پەیوەندییەکان هەم دراوسێیانەو هەمیش هاوچارەنوس سازییە بەتایبەت کەهەردوو گەل لەلایەن ڕژێمە سەردەستەکانەوە جینۆساید کراون.
پارێزگاری هەولێر وێڕای سوپاسی ئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، کردنەوەی ئەم سەنتەرەی بەیەکێکی تر لەسەروەرییەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکانی حکومەتی هەرێم نرخاند.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا لەوتەیەکدا وێڕای سوپاسگوزاری لەدەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە ئەمە هەنگاوی یەکەمی بەکرداری کردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و ئەرمەنستان و شێوازی فەرمی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتە.
جێگری وەزیری دەرەوەوەی ئەرمینیا لە کۆتایی قسەکانی بەزمانی کوردی گوت و هیوای بەردەوامی بۆ ئەم پەیوەندییە خواست و بەزمانی کوردی گوتی:" بژی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەرمینیا".