Skip to the content

بەئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان دیداری ڕۆژبەیانی بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ پێنجشەممە 2021/2/11 بە چاودێریی و ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و له‌ ژێر دروشمی (هزر و هەڵوێست لە خامەی مەلا جەمیل رۆژبەیانیدا) دیدارەکە دەستی بەکارەکانی کرد کەبۆماوەی دوو ڕۆژ بەردەوامە و لەلایەن ناوەندی رۆشنبیری ئەدیبان و نووسەرانی کەلارەوە ڕێك خراوه‌ و نووسەران و رۆشنبیرانی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان و دەرەوەی كوردستایش بانگهێشت كراون.

لەوتارێکدا وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان هەڵوێست و نووسینەکانی مەلا جەمیلی بەرز نرخاند و چەند وێسگەیەکی لە هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی باسکرد.

دواتر لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان مژدەی ئەوەی بە ئامادەبوان دا کە لەسەر بڕیاری جەنابی وەزیر کتێبە دەستنووسە چاپنەکراوەکانی مەلاجەمیل لەسەر بودجەی وەزارەت چاپ دەکرێن پاش ئامادەکردنیان لەلایەن بنەماڵەکەیانەوە.

شایەنی باسە لە دیدارەکە پۆرترێتێک لە لایان ناوەندی ڕۆشنبیری ئەدیبان و نوسەرانی کەلار و خەلاتێکی ڕێز لێنان لە لایان بنەمالەی مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی پێشکەشی بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان کرا.

دیداری مەلا جەمیل رۆژبەیانی، لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەریی گەرمیان، له‌ سه‌نته‌ری كەلار، ناوەندی ئیدارەی گەرمیان سازکراو بڕیارە ماوەی دوو رۆژ بخایەنێت.