بەیاننامەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی تۆماری جیهانی هەورامان لە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکاندا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی سێ شەممە 2021/7/27 لە چل و چوارەمین دانیشتنی کۆمیتەی میراتی جیهانی ڕێکخراوی جیهانی یونسکۆ کە لە شاری فوجوی وڵاتی چین و بەئامادەبوونی نوێنەری ١٣٩ وڵات بەڕێوە چوو، ناوچەی هەورامان وەکوو ناوچەیەکی کەلتووری-مێژوویی لە ئاستی جیهاندا تۆمار کراو خرایە لیستی شوێنەوارەکانی جیهانەوە.
لەو بەشەی کەتایبەتە بە هەورامانەوە رێکخراوی یونسکۆ دەڵێت:
"(ناوچە دوورە دەست و شاخاوییەکانی هەورامان لانکە و گەواهیدەری کلتوری خەڵکی هەورامانن. هەورامییەکان وەک بەشێک لەکورد لە 3000 ساڵ پێش زایینەوە لەو ناوچەیە دەژین، کاری باخداری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەکەن. لەناو دڵێ چیاکانی زاگرۆس، لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان بە درێژایی سنوورەکانی رۆژئاوای ئێران، لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە: لە ناوەراست و رۆژهەڵاتەوە ژاوەرۆ و تەخت ( لە پارێزگای سنە). لە رۆژئاواشەوە لهۆن (لە پارێزگای کرماشان).
شێوازی ژیانی خەڵکی هەورامان بەشێوەیەکە خۆیان لەگەڵ سروشت و سەختی ناوچەکە گونجاندووە. بیناسازی و دروستکردنی خانوو لە ناوچە لێژەکان، چاندنی دار و درەخت لەسەر بەرد و ناوچە شاخاوییەکان، شێوازی بەخێوکردنی ئاژەڵ و کۆچی کورت ماوەی وەزری، لە دیارترین جیاکەرەوەکانی ژیان و کلتوریی هەوارمییەکانە، کە ساڵانە بەگوێرەی وەرزەکان لە بەرزایی و پێدەشتەکاندا ژیان دەکەن (زستانان لەناو گوند و هاوینان لەناو باخ).
بەردەوامی لە ناوچەکەیان ماونەتەوە و ژیانیان کردووە، کە بە چەندین خەسڵەتی جیاکەرەوەی ژینگەی و تایبەتی ناسراوە، ئەم خەسڵەتانەش لە هەڵکۆڵراوی سەر بەرد، ئەشکەوت، پەناگە، چیاکان، پاشماوەی شوێنە کاتی و هەمیشەییەکانی نیشتەجێبوون، شوێنکار، گۆڕستان، رێگا، گوند، قەڵا و زۆر شتی دیکەدا نەخشێنراوە و دەردەکەون.
ئەو 12 گوندەی لە پرۆژەکەدان، گەواهیدەر و سەلمێنەری ئەوەن، خەڵکی هەورامان سەرەرای نەبوونی خاکی بەپیت لە ناوچە شاخاوییەکانیان توانیویانە وەڵامێکی باشی سروشت بدەنەوە و خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن)"
ئەمە دەرخەری ئەو راستییەیە، کە ئەم ناوچەیە لە دێر زەمانەوە شوێنی ژیان و ژیار بووە و رەهەندێکی گرنگی شارستانییەتی مرۆڤایەتی لە خۆیدا هەڵگرتووە و حەشارداوە.
ئەم دەسکەوتە ئەوەمان پێدەڵێت کە کەلتووری دەوڵەمەندی ئەم سەرزەمینە شانازییە بۆ هەموو ئەوانەی کەخۆیان بەبەشێک لەگەلەکەمان دەزانن، تۆماری جیهانی هەورامان لەلایەن یونسکۆوە هەموان دڵخۆش دەکات، بۆیە دەبێت پارێزگاری لە کلتوورو شێوەزاری ئەم ناوچە رەسەنە بکەین وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی گەلەکەمان.
یونسکۆ لە 1965ەوە کۆمیتەی شوێنەوارە جیهانییەکانی دامەزراند و لەو کاتەوە ساڵانە لیستی ناوچە پارێزراوەکان وەک سامانی جیهانی زیاتر دەکات.
بەناوی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پیرۆزبایی لەخۆمان و نەتەوەکەمان و تەواوی خەڵکی هەورامان دەکەین و دەستخۆشی لەو بەڕێزانەش دەکەین لەخۆبوردوانە ساڵانێکە لەهەوڵدان بۆئەم کارە و دەستخۆشی لە یونسکۆش دەکەین و هەوڵەکانیان مایەی دەستخۆشییە.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان
2021/7/27