پەیامی پیرۆزبایی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردییەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی 2721 ی کوردیی، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەین، کە بەشکۆوە یادی نەورۆز دەکەنەوە.
جەژنی نەورۆز هێمای سەرکەوتنی هێزی ڕووناکییە بەسەر تاریکیدا و لە هەمان دەمدا موژدەی هاتنی ساڵێکی نوێیە، کە گەلی کوردستان بەپێی تایبەتمەندیی کلتووریی خۆی ئەم جەژنە بەرز و پیرۆز ڕادەگرێت.
نەورۆز پڕە لە چەمک و مانا و میتۆلۆژیا و بابەتی کلتووریی جۆراوجۆر، بۆیە دەبێت زیاتر گرنگی پێبدرێت و نەوە لەدوای نەوە بە شکۆ و بایەخەوە یاد بکرێتەوە.
سەرباری بارودۆخی تەندروستی و ئابووری و ڕامیاری ناوچەکە، بەڵام گەلی کوردستان بە شکۆ و گەورەییەوە و بەپێی ڕێکارە تەندروستییەکان ئەم جەژنە پیرۆز دەکەن و بە شێوازی جیاجیا گوزارشت لە مانا قووڵ و جوانەکانی نەورۆز دەکەن.
جارێکیتر جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی لە هەموو لایەک پیرۆز بێت .
وەزارەتی ڕۆشنیری و لاوان
2021/3/20