زیاتر لە ١٠٠٠ چالاکى و شەش بنەماى چاکسازى، کارنامەى وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانە لەم کابینەیەدا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەم کابینەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەردوو تەوەر و پرسى چاکسازى و خزمەتگوزارى هاوتاى یەکترى چوونەتە پێشەوە و ئەمەش واى کردووە کە وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان لە ڕەهەندە کارگێڕییەکەیاندا چالاکتر و تۆکمەتر بن. وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەم دوو تەوەرەدا چەندین کارى کردووە کە لێرە وەک ڕاپۆرتێک دەیخەینە ڕوو:
یەكەم: تەوەرى چاكسازی
لەم تەوەرەدا وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، شەش خاڵى بنەمایی جێبەجێ کردووە کە هەم لە ڕووى مادییەوە بودجەیەک گەڕاوەتەوە سەر خەزێنەى حکومەت و هەم کاریگەرى بووە لەسەر ڕێکخستنەوەى چاکییەکان و دابەشکردنیان بەسەر شار و شارۆچکەکاندا. کە ئەو خاڵانەش بریتین لە:
یەکەم: ڕێكخستنەوەی كاروباری كارگێڕیی دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و ئەنجامدانی گۆڕانكاری و گۆڕینی چەندین بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەش و هۆبە .
دووەم: پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکە کە لە كۆی گشتی ٧٠٣٩ دۆسییە، وردبینی بۆ ٥٨٦٩ دانەیان كراوە و بەمەش ٧٩١ فەرمانبەر پلەی زیادە و ٥٨٣ فەرمانبەر سەرەموووچەی زیادەی پێ دراوە. بەو چاكسازییانەش بڕی سەدو حەفتاو یەك ملیۆن و دووسەدو پەنجا هەزار دینار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە.
سێیەم: دەركردنی ڕێنمایی نوێ بۆ ڕێكخستنەوەی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییە كولتوورییەكان کە ئێستا بە پێی ڕێنماییە نوێیەکان، ساڵانە ١٣ فێستیڤاڵ كە سروشتی نێودەوڵەتییان هەیە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن و بەسەر شارو شارۆچكەكانی هەرێمدا دابەش كراون.
چوارەم: دەركردنی ڕێنمایی نوێ بۆ ڕێكخستنەوەی شێوازی هاوكاری و یارمەتیدانی سەنتەر و گرووپە هونەرییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ سازدانی چالاكی.
پێنجەم: جێبەجێكردنی یاسای ژمارە (٣٣)ی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت بە داتاو زانیاریی تەواو لەسەر میلاكی فەرمانبەرانی وەزارەت.
شەشەم: هەمواركردنی ڕێنمایی تایبەت بە پێدانی مۆڵەت بە یانە وەرزشییەكان.
دووەم: تەوەرى خزمەتگوزاری
هەروەک هەموو لایەک دەزانن، وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان، زیاتر لە بوارى فەرهەنگى و ئەدەبی و کەلتوورى ڕۆڵى گەورەى لە خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردى هەیە و ئەم ڕۆڵە مەزنە بەهیچ شێوەیەک لە بویناتنانى کۆمەڵگە و دروستکردنى نەوەیەکى چالاک بە ڕۆحیەتى هونەرییەوە لەبیر ناکرێت. هەر بۆیە وەزارەت تا ئێستا ئەم چالاکییانەى جێبەجێ کردووە:
یەکەم: پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی هونەری و ڕۆشنبیری و میدیایی و وەرزشی و لاوان لە ڕێی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەر بە وەزارەت.
دووەم: خزمەتکردنى خوێنەران و خوازیارانى کتێب لە ڕێگەى كتێبخانە گشتییەكانی هەرێمەوە کە ٩٢ كتێبخانەن و ٨٩٨٩٥١ كتێبیان تێدایە و تا ئێستا ٧٥٥٣٦ خوێنەر سەردانی کردوون و هەر لە ڕێگەى بەرێوەبەرایەتیی گشتیی كتێبخانە گشتییەكانەوە، ٥٤٥٧ ژمارەی سپاردن دراوە بە نووسەران بۆ چاپكردنی كتێبەكانیان.
سێیەم: واژووکردنى یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانى دانیاڵ میتەران و لیولا گرانگ بۆ کردنەوەى خول و بەشداریی پێشانگای ساڵانەی كتێبی نێودەوڵەتیی فرانكفۆرتی ئەڵمانیا و پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتى كوردستان
چوارەم: بەشداربوون لە هەڵمەتی هۆشیاری و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە هاوکارى فەرمانگەی میدیاو زانیاری و میدیاکانى هەرێمى کوردستان و ئەنجامدانى چەندین چالاكی ئەلكترۆنی بۆ بەرەنگاری و هاندانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە
ئەگەر پشت بە داتا و ژمارە ببەستین، وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە گشتی ١٢٥٣ چالاكی هەمەجۆری ئەنجام داوە کە بەم شێوەیە لێکیان جیا دەکەینەوە:
ـ مۆسیقا: ٦٦ چالاکى
ـ شانۆ: ٣٩ چالاکى
ـ پێشانگای شێوەكاری: ٦٥ چالاکى
ـ سینەما: ٣١ چالاکى
ـ كردنەوەی هۆڵ: ٨ هۆڵ
ـ كولتوورى: ٨ چالاکى
ـ وەرزش: ٤٤ چالاکى
ـ خولو وۆرك شۆپ: ١١٥ دانە
ـ کۆنفرانس و سیمینار: ١٤٥ دانە
ـ رێزلێنان: ١٢٤ دانە
ـ دیدارو پەیوەندی: ٢٦٣ دیدار
ـ یادو پەیام: ٩٩ دانە
ـ چاپكردنی كتێب: ٨١ کتێب
ـ هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە بۆ خۆپاراستن لە كۆرۆنا: ٣٠ چالاکى
ـ كاری چاكسازی: ٦ دانە
ـ پڕۆژەكانی دروستكردنی هۆڵ و تەلار: ١٥ دانە
ـ چالاكی جۆراو جۆری دیكە: ١١٤ دانە
فەرمانگەى میدیا و زانیارى