وهزارهتی ڕۆشنبیری بۆ داواکارى گشتى: پێویستە ڕێکارى یاسایی بەرامبەر ئەو ڕاگەیاندنە بگیرێتە بەر کە ڕووماڵى خۆسووتاندنى پەناخوازەکەیان کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای ئهوهی پەناخوازێکى لاو لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان لەشارى هەولێر ئاگرى لە جەستەى خۆى بەردا و ڕووداوهكهش لە لایەن چهند كهناڵێكی ڕاگهیاندن و سۆشیاڵ میدیاوە گوازرایەوە، وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان لە کۆبوونەوەیەکى تایبەت، ئهمهی به حاڵهتێكی خراپ و نهخوازراوی كاری ڕۆژنامهوانی وهسف كرد و داوای لە دەستەى سەرۆکایەتى داواکارى گشتى كرد هەموو ڕێکارێکى یاسایی بەرامبەر ئەو دەزگا ڕاگەیاندن و پەیجانەى سۆشیاڵ میدیا و پەیامنێر و وێنەگرانەى کە ڕووماڵى ڕووداوەکەیان کردووە، وەربگیردرێت.
جێی ئاماژەیه پێشتر وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان، لە ڕێی بەرێوەبەرایەتى گشتیى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، وێڕای ڕێنمایی ژمارە (١)ى ساڵى ٢٠١٤ بە تایبەتیش بڕگەى سێیەم، ئاگادارینامەیەکى لە ٢/٥/٢٠٢١ داوە بە هەموو کەناڵەکانى ڕاگەیاندن کە خۆیان بەدوور بگرن لە پەخشکردنى ئەو هەواڵ و ڕیپۆرتاژ و بەرنامانەى دەچنە خانەى بڵاوکردنەوە و هاندانى توندوتیژى و کوشتن و خۆکوشتنەوە کە لە ڕووى دەروونییەوە زەمینەیان بۆ خۆش دەکەن.
لە ئەگەرى پابەندنەبوونیان بەو ڕێنماییانە، لە ڕێی دەستەى داواکارى گشتى و لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانى هەرێمى کورستان، ڕێکارى یاساییان بەرامبەر وەردەگیرێت و وهزارهتی ڕۆشنبیری پێی وایه ئەو کارەساتەى بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە هەولێر، دەچێتە هەمان خانەوە.