پەیوەندییە کلتوورییەکانی کوردستان و هیندستان تاوتوێ کران
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەمە 2022/1/4 لە دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری کۆبوونەوەیهکی هاوبەش لە نێوان (حەمەی حەمەسەعید) وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و ( سوبهاش کەین) کونسوڵی گشتیی هیندستان بەڕێوە چوو. تەوەری گرنگی کۆبوونەوەکە پەیوەندییە کلتورییەکانی هەردوولا بوون.
کونسوڵی گشتی هیندستان لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باسی لە ئەنجامدانی ئاهەنگی ڕۆژی کۆماری هیندستان کرد کە 26ی مانگی یەکی هەموو ساڵێکە و ئەمساڵ لە 27 ئەم مانگە لەشاری هەولێر و ڕۆژی دواتری لەسلێمانی ئەم یادە دەکەنەوە بەبەشداری گرووپێکی هونەریی هیندی.
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پیرۆزبایی یادەکەی لێکردن و پشتیوانی وەزارەتی بۆ سەرخستنی ئەو یادە دەربڕی.
داواشی کرد ستافی کونسوڵگەریەکە ڕۆڵیان هەبێت لە ناساندنی سەقامگیری هەرێمی کوردستان بە خەڵکی وڵاتەکەیان و جیاکردنەوەی بارودۆخی هەرێم لەچاو ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و پێشنیار کرا شاندێکی میدیاکارانی هیندستان بێنە کوردستان و ڕاپۆرت و ڕیپۆرتاژ لەسەر ئارامی و سەقامگیری و گەشەی وەبەرهێنان بکەن.
سەرکونسوڵی هیند بە بایەخەوە پێشنیارەکەی وەرگرت و ڕایگەیاند بەردەوام لە ڕاپۆرتەکانماندا بۆ وەزارەتی دەرەوەی هیندستان ئەم جیاوازییەمان باس کردووە و هانی سەرمایەدارانی خۆمان داوە بێنە هەرێمی کودستان سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان بکەن.
سەردانی شاندی کلتووری بۆهەردوو وڵات باسی لێکرا، بەجۆرێک کلتووری کوردی لە چالاکییەکانی هیندیستاندا جێگەی شیاوی هەبێت.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان کتێبێکی بەزمانی ئینگلیزی پێشکەش بە سەرکونسوڵی ئەو وڵاتە کرد کە لەبارەی مێژووی کۆنی کوردستان بوو.