هەولێر و مۆسکۆ هەماهەنگی و هاوکاریی فەرهەنگی تاووتوێ دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی تشرینی دووەمی٢٠٢٢، حەمەى حەمەسەعید، وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماکسیم روبین، کونسوڵى گشتیی ڕووسیای فیدراڵ لە هەولێرى پایتەخت و دانەر ئەبوبەکر، نوێنەرى حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا کرد.
لە دیدارێکدا وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیریی ڕووسیای فیدراڵ لە بەرامبەر ئەو هاوکاری و پشتیوانییەى پێشکەشیان کردووە لەپێناو سەرکەوتنی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ دەربڕی.
حەمەى حەمەسەعید ئاماژەى بە ڕۆڵى پێشەنگانەى کوردناسە ڕووسییەکان لە ساغکردنەوە و بەدواداچوونی مێژووی کولتوور و فەرهەنگی کوردیی و پاراستنی فۆلکلۆرى کوردی کرد.
لەو چوارچێوەیەدا ڕۆڵى ناوەندە ئەکادیمییەکانی ڕووسیاى لە بوارى کوردناسى بە پێشەنگانە و گرنگ باس کرد.
لە بەشێکی دیکەى گوتەکانیدا، وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوان جەختی لە گرنگیی پێشخستنی پەیوەندییە کولتووری و ڕۆشنبیرییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیاى فیدراڵى کردەوە.
لە بەرامبەریشدا، کونسوڵى گشتیی ڕووسیای فیدراڵ لە هەولێرى پایتەخت، خۆشحاڵیی خۆى بۆ ئەرکەکەى لە هەرێمی کوردستان دەربڕی، هەروەها ستایشى کولتوور و کایەى فەرهەنگی و ڕۆشنبیریی کوردی کرد و بە کایەیەکی فرەڕەنگ و دەوڵەمەند گوازارشتی لێ کرد.
کونسوڵى گشتیی ڕووسیا، وێڕاى ئاماژەدان بە نزیکایەتی و پەیوەندیی کولتووریی نێوان خەڵکی ڕووسیا و کوردستان، جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەى بە بایەخەوە دەڕوانێتە پێشخستن و فراوانکردنی پەیوەندییە ڕۆشنبیرى و فەرهەنگییەکانی هەولێر و مۆسکۆ.