Skip to the content

تیپێكی هونه‌ری هه‌رێمی كوردستان بانگهێشتی هیندستان ده‌كرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی سێشه‌ممه‌ 4ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٢، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ شری پراشانت پیسێ، باڵیۆزی هیندستان له‌ به‌غدا و سوبهاش کەین، كونسوڵی گشتیی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێک دا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان جه‌ختی له‌ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندیی كولتووری نێوان گه‌لانی كوردستان و هیندستان كرد و به‌ گرنگی زانی هیندستان له‌ رووی هونه‌رییه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی سینه‌ما هاوكاری سینه‌ماكارانی كورد بكات.

له‌ به‌رامبه‌ردا، باڵیۆزی هیندستان له‌ عێراق رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان سه‌رنجی ڕاكێشاوه‌، نزیكی و ئاشنایه‌تی كولتوورییه‌ و به‌ جۆرێك، كولتووری دێرینی كورد نزیكه‌ له‌ كولتووری خه‌ڵكی هیندستان و راشیگەیاند، هیندستان به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندی كولتووری نێوان گه‌لان ده‌ڕوانێت و ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی وێڕای ناسینی كولتوور و فه‌رهه‌نگی خه‌ڵكی كوردستان له‌ نزیكه‌وه‌، بانگهێشتكردنی تیپێكی هونه‌ری هه‌رێمی كوردستانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی كولتووری گه‌لان له‌ هیندستان بكات.

باڵیۆزی هیندستان ئاماده‌یی سینه‌مای نێوده‌وڵه‌تی بۆڵیۆدی ده‌ربڕی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سینه‌ماكارانی كورد درووست بكات و ده‌رگای راهێنان بۆ سینه‌ماكارانی كورد بكاته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی سینه‌ماكارانی هیندستان بۆ سینه‌ماكارانی كورد.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا دیاری تایبه‌تیان به‌خشییه‌ یه‌كدی وه‌ك هێمایه‌ك بۆ دۆستایه‌تی و بنیاتنانی په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌شه‌سه‌ندوو له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و هیندستاندا.