Skip to the content

شاندێکی وڵاتی پۆڵەندا گرنگی بە پەیوەندیی کلتووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە شاندێکی پۆڵەندا کرد.

شاندەکە پێکهاتبوون لە ئانژێی نۆواکۆوسکی پارێزگاری شاری پۆلسک، کرژیشتۆڤ کراکۆوسکی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئالبێرت دینا بەرپرسی گرێبەستەکان، تەدیوش میلکە بەڕێوبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر، ماجێی سلۆدکی سەرۆکی زانکۆی پۆلسک، پاولینا ویسنیوسکا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە، مارێک بۆنکاوسکی بەرپرسی خوێندکاران و توێژینەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و ستایشی پێشکەوتن و کولتووری کراوەی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان کرد و ئاماژەیان بەوەدا یەکەمجارە لە نزیکەوە ئاشنای کولتووری بەیەکەوە ژیان و لێبووردەیی و فرەڕەنگیی هەرێمی کوردستان دەبن.

هەروەها لە میانی کۆبوونەوەکەدا، شاندی میوان باسیان لە گرنگیی ئەم جۆرە سەردان و دیدارانە کرد بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان و درووستکردنی پردی کولتووریی نێوان گەلان و بۆ ئەو مەبەستەش بانگهێشتی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانیان کرد بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وەزارەت سەردانی پۆڵەندا بە گشتی و شاری پۆڵسکی بەتایبەتی بکات.

هەروەها شاندی پۆڵەندا ئامادەییان بۆ پێشوازیکردن لە شاندە کولتووری و هونەرییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەیان بەوەدا لە پۆڵەندا ساڵانە چەندین فێستیڤاڵی هونەری و کولتووری بەڕێوەدەچن و گرنگیشە لەو فێستیڤاڵانەدا هونەر و کولتووری کوردی نمایش بکرێن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ستایشی دەستپێشخەری و سەردانی شاندی پۆڵەندای کرد و ئامادەیی دەربڕی بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییە ڕۆشنبیری و کولتوورییەکان و شاندی میوانیشی بانگهێشت کرد بۆ بەسەرکردنەوەی هەڵەبجە و سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.

هەروەها جەختی لە گرنگیی پەیوەندیی کولتووری و ڕۆشنبیریی نێوان گەلان کردەوە و سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، کە کولتوور و ڕۆشنبیریی پۆڵەندا بۆ خەڵکی کوردستان نامۆ نییە و لە کەناڵە ناوخۆییەکان ژمارەیەک بەرهەمی هونەری و سینەمایی پۆڵەندا کراونەتە کوردی و نمایشکراون، هەروەها چەندین خوێندکاری هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا بڕوانامەی بەرزیان بەدەستهێناوە.