Skip to the content

وەزیرى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى لەگەڵ مامۆستایانى مۆڵەت پێدراوى خوێندنی ماستەر و دکتۆرا کۆبووەوه‌

لەچوار چێوەى خزمەتەکانى وەزارەت بۆ مامۆستایانى ئایینى کوردستان، یەکشەممە30ئاب 2020 بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیرى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى لەگەڵ ئەو مامۆستایانە کۆبووەوه‌ کە توانراوە مۆڵەتى خوێندیان بۆبکرێت، بەمەبەستى تەواو کردنى بروانامەى باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لەدەرەوەی ووڵات.

‎لەووتەیەکدا وەزیرى ئەوقاف پیرۆزبایى خۆی ئاراستەى مامۆستایان کرد و رایگەیاند تەواوکردنى خوێندنى باڵا خەونێکە هەموو کەس ئارەزووى دەکات، نەهج و بەرنامەى کارى ئێمەش دەستەبەرکردنى داخوازى و خزمەتى مامۆستایانى ئایینى بەرێزە، ئەمڕۆش توانرا رێکارەکان تەواو بکرێن بۆ تەواوکردنى خوێندن. ‎ئەمە هەنگاوێکى گرنگە تاوەکو مامۆستایانى ئێمەش وێراى وەدەستهێنانى بڕوانامەى باڵا ئاشناى جیهانى دەرەوە ببن و ببنە بەشێک لە ناساندنى کەلتور و ئادابى کوردەوارى بۆ جیهان، بەپێچەوانەشەوە هێنانى زانست و زانیارى بەسوود کە ببێتە مایەى خزمەت بۆ خەڵکى کوردستان. ‎جیا لەوانەش پێویستە مامۆستایان لەماوەى خوێندن هەوڵى فێربوونى زمانەکانى تر بدەن و دەخوازین مامۆستایانى ئایینى ئێمە بەچەند زمانێ بتوانن قسە بکەن.

‎وەزیرى ئەوقاف تەئکیدی کردەوە (هەموو کات مامۆستای ئایینى، ئایین پەروه‌رە و کوردپەروەر جێگەى ئەوپەرى رێزلێنانە، پێویستە لەسەرئێمە وەک ئەرکى خۆمان خزمەتى بکەین و مافەکانیشى بۆ دابین بکەین)، ‎زێتر گووتى دەخوازین لێکۆڵینەوە و خوێندن و ناونیشانەکانى خوێندنى باڵا ناوەرۆکى چارەسەرى ئەو کێشانە بکات کە کە لەواقعدا بوونى هەیە، بابەتێ بێت خزمەت بێت بۆ نەوەى داهاتوو، پێویستە کار بکەین تاوەکو لە ئایندەدا نەوەیەک پەروەردە بکەین پر بێت لەزانست و زانیارى بەهۆى ئەزموونى ئێوەى بەرێز، چونکە ئەم کاروانە ئەمانەتە ئەمانەتیش دەبێت بپارێزرێت.

‎وەزیرى ئەوقاف ووتى مرۆڤ گەر خاوەن خاک و وڵات و نیشتیمانى خۆى نەبێت ناتوانێت تەنانەت خواپەرستى ودیندارى وەکو خۆى ئەنجام بدات، بۆیە پێویستە لەسەر هەمووان ببینە بەشێکى کاریگەر لە ناساندنى دۆزى ڕەواى کورد و ناساندنى بۆ گەل و نەتەوەکانى تر، ‎ھەروەھا رایگەیاند پێویستە زانایان و مامۆستایانی ئایینی بەڕێز لەھەر بابەتێکی سیاسی بەدوور بن و پەیامی راستەقینەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بگەیه‌نن کە پەیامی ئاشتی خۆشەویستیە، بۆیە بەھیچ جۆرێ پەسند ناکرێ سیاسەت تێکەڵاوی ئایینی پیرۆز بکرێت.

‎دواتر وتی مامۆستای ئایینی زانایە خوداش باسی ڕۆڵی زانایانی کردووە، بۆیە نابێ مامۆستای ئایینی مینبەر بۆ مەبەستی تر جگە لە ئاین بەکار بھێنێ، ھەروەھا ئاماژەی بە پەیوەندی توند و تۆڵی نێوان وەزارەتی ئەوقاف لەگەڵ ھەریەک لە لێژنەی ئەوقافی پەرلەمانی کوردستان و یەکێتی زانایاندا و ڕایگەیاند لە ھەموو پرسەکان پێکەوین و تەواوکاری کاروبارەکانین.

دواتر رایگەیاند ئێمە ھیچ کاتێ ئاراستەی مامۆستایان یا مزگەوتمان نەکردووە بۆ ھەرشتێ کە پێچەوانەی ئایینی پیرۆز بێت، یا لەبەرژەوەندی حزبێکی دیاری کراو بێت، چاومان لێیە مامۆستایانی قەدرگران کۆمەڵگا ھۆشیار بکەنەوە ئاشتی خۆشەویستی بڵاوبکەنەوە هەروەک لە ڕابووردوو ئەم ڕۆڵە گرنگەیان هەبووە نەک بەپێچەوانەوە، ئەگەر سیاسییەکان و خەلکانی تر لە هەندێ کاتدا بەشێوازێکی سلبی ململانێ بکەن یان بۆ دەنگ کۆکردنەوە تۆمەت و بوختان ببەخشنەوە، ئەوا هەموومان تکامان لە زانایانە دوور لەو مەیدانە ئارامی روحی ببەخشن و بڕوا بە هەموو شتەکان نەکەن و پشت ببەستن بە بەڵگە و مەنتقەوە بۆ قسە و هەواڵەکان، ئێمە لە زانایان فێربووین کە پڕەنسیپەکانی ئاین ومرۆڤایەتی بریتیە لەڕاستگۆی و بوختان نەکردن و تۆمەت و ناراستی گوناحی گەورەن.

مامۆستایان ڕێزلێگیراون، نابێ میمبەری پێغەمبەری مەزنمان دروودی خوای لەسەر بێت بۆ ھیچ مەرامێکی سیاسی یان تەوجیهی حزبەکان بەکار بھێنرێت، ئەگەر ئەم ڕێگەیەماندا ئەوا فەوزا دروست دەبیت، سیاسەت و حزبایەتی شوێنیتری هەیە، مامۆستای ئاینی ئەوکاتە کەسایەتی لەدەست دەدات ئەگەر ئایین و مزگەوت بکاتە وەسیلە بۆ حزبەکان، حکومەت و دەسەڵاتی کوردی ڕەنجی خەباتی سەد ساڵەی کوردستانە، سەرەڕای کەموکورییەکان کە دەبێ پێکەوە هەموومان خۆمان بە خاوەنی بزانین و چارەسەریان بکەین، و دەسکەوتی گەورەش هەن ناکریت لە پێناو ململانێی تەسک نادیدە بگرین، ئەوە وەزعی شارەکانی عیراق و هەندێ وڵاتی تر، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو لایەنانەی لە حکومەت نین دەکرێت بە باش بڵێن باش و بە خراپ بلێن خراپ، یان دەنگ و دەسکەوتی خۆیان لەوە دەبیننەوە بە هەموو شتێک بلێن خراپە؟ و هەموو زروفە قاهیرەکانیش لەسەر حکومەت حساب بکەن؟باشە ئەگەر ئەزموونی خۆیان کە ماوەک لە حکومەت بوون بێننەوە پێش چاو تەقیمیان بۆ ئەوکاتی حکومەت و بۆ خۆیان چی دەبێت؟ بەڵێ دونیا بێ کەموکوڕی نیە، بەڵام كاولیش نیە ئێمە دڵنیاین ئاسۆ گەشە لەم جۆرە کاتانەدا پێویستە هەموومان شانی بدەینە بەرێ بۆ تێپەڕاندنی و پاراستنی ئارامی و بۆ پەلەکردن لە بەرنامەی چاکسازی کابینەی حکومەت نەک بۆ شێواندن.

‎هەر لەدرێژەى ووتەکەیدا وەزیرى ئەوقاف ووتى: بەدەر لە مۆڵەتى خوێندن چەندین خزمەتى تر بۆ مامۆستایان لەبەرنامەى کاردایە، لەچوار چێوەى پلانى وەزارەت سەرجەمیان بەپشتیوانى خواى گەورە جێ بەجێ دەکرێن، ‎هەروەها بۆ مەبەستى ئاگادار بوون لەیەکترى و گەیاندنى پەیامى مامۆستایان وەزیرى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى هێڵێکى پەیوەندى گەرمى راگەیاند کە لەمەودوا راستەوخۆ مامۆستایان دەتوانن پەیام و داواکارى کاروبارەکانیان بە بەرێزیان بگەێنن، ‎ھەروەھا مایکی کراوە لەدیوانی وەزارەت دروست دەکرێ، جەنابی وەزیر بڕیاریدا ھەفتانە لەگەڵ مامۆستایان کۆببێتەوە و گوێ لەداخوازییەکانیان بگرێت.

‎دواتر مامۆستایان سوپاسى خۆیان ئاراستەى وەزیرى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى کرد بەپێدانى مۆڵەتى خوێندن و پشتیوانى کردنى پرۆسەى خوێندنى باڵا ڕایانگەیاند بەپشتیوانى خواى گەورە و بە ئەوپەرى تواناوە هەوڵ دەدەن سوود لەماوەى خوێندن وەربگرن و بەئەزموون و مەعریفەیەکى تازەوە بێنەوە کوردستان خزمەتى ئایین و خەڵکى کوردستان و نیشتیمانەکەیان بکەن.